رووداو دیجیتاڵ
لە تەلئەڤیڤ، هاووڵاتییان لە هێرشەکەی پێرێ شەوی سەر بەرزاییەکانی جۆلان نیگەرانن و ترسی ئەوەیان هەیە گرژییەکان زیاتر بن.
ناتالی ئەتزیلی، هاووڵاتیی تەلئەڤیڤ دەڵێ دوای رووداوەکەی بەرزاییەکانی جۆلان، هاوژینەکەی چووە خواردن بکڕێت، چونکە پێی وابوو دۆخەکە دوای ئەو رووداوەی تێیدا 12 منداڵ گیانیان لەدەستدا، ئاڵۆزتر دەبێت.
جۆلان ناوچەیەکی ستراتیژییە و رووبەرەکەی 1800 کیلۆمەتر دووجایە. ناوچەکە خاڵی بەیەکگەیاندنی ئیسرائیل، ئوردن، سووریا و لوبنانە، 66.6٪ـی لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە و ئەوی دیکەش لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە.
زیاتر لە 40 هەزار کەس لە بەرزاییەکانی جۆلاندا دەژین کە 25 هەزاریان ئیسرائیلین.
ئیران بێن میر، هاووڵاتیێکی دیکەی تەلئەڤیڤ باسی ئەوە دەکات "خەریکە دەچینە جەنگێکەوە؛ دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە."
ئیسرائیل، حیزبوڵڵای لوبنان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی لێدەکات؛ ئەو گرووپەش رەتیدەکاتەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبێت.
ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئێران و فەرەنساش داوای دانبەخۆداگرتن لە لایەنەکانی بەشداری جەنگەکە دەکەن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی "ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لە هاووڵاتییانی هەیە، بەڵام ناشمانەوێت گرژییەکە زیادبێت."
لە ئۆکتۆبەری پارەوە گرژی لەنێوان چەکدارانی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل زیادیکردووە و تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون، کە زیاتر لە 350ـیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون.
لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 42 کەس لە ئیسرائیل کوژراون، کە 18 سەرباز بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ