رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان، کە لوبنانییەکان پێیان دەڵێن سەڕاف، بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرە دامەزران، بەڵام ئێستا سەرجەمیان دادەخرێن، ئەوەش بەهۆی شکستهێنانیان لەو ئەرکە.
دەسەڵاتدارانی لوبنانی دەڵێن، داخستنی نووسینگەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای لیرە و دەستپێکردنی هەوڵێکی نوێیە بۆ دەربازکردنی وڵاتەکە لەو قەیران قووڵە ئابوورییەی نزیکەی چوار ساڵە تێیکەوتووە.
ریاز ئەلحەج، ئەندامی پەرلەمانی لوبنان دەڵێت، "راستییەکەی سەڕاف پلاتفۆرمێک نەبووە کە رەنگدانەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی راستەقینەی دراو بێت، یان رەنگدانەوەی دابینکردن و خواست نییە، بەڵکو پلاتفۆرمێک بووە بۆ دابینکردنی پارە بۆ کەرتی گشتی و هەندێک کەس، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دەستکرد و ناتەندروست دەستوەردان لە بازاڕدا بکەن."
نووسینگەکان، لە لووتکەی قەیرانی ئابووریی لوبنان لە مانگی ئایاری 2021 کرانەوە بە مەبەستی دابینکردنی دۆلار بۆ لوبنانییەکان بە نرخێک کە لە بازاڕی رەشدا کەمتر بێت. ئەمەش وەکو رێگەچارەیەک بۆ بانکی ناوەندی بۆ سەقامگیرکردنەوەی بەهای لیرەی لوبنانی، بەڵام ئامانجەکەی نەپێکا و بەهای لیرە بەردەوام بوو لە دابەزین.
رەخنەی دەسەڵاتدارانی لوبنانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو نووسینگانە ئەوەیە کە پەرەیان بە گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت لە لوبنان داوە و بڕیاریشە پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی کە لەلایەن ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانەوە پەسندکراوە جێگەی سەڕاف بگرێتەوە.
یاسر ئەلسەبان، پسپۆڕی ئابووری دەڵێت، "کاتێک سەڕاف نامێنێت، نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە، چونکە خەڵک لە دراوی ناوخۆییەوە روودەکاتە دۆلار، ئەمەش رێژەیەکی زۆر لیرەی لوبنانی دەخاتە بازاڕەوە و وادەکات ببێتە هۆی دابەزینی بەهای لیرە، لە بەرامبەریشدا نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە، هەربۆیە ئاڵوگۆڕکردن بەم ئاڕاستەیە، جۆرێکە لە شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵک."
بەرپرسانی لوبنانی دەڵێن ئامانجی سەرەکیی سەڕاف، سنووردارکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی بازاڕ بوو، بەڵام تاڕادەیەک شکستی هێنا، چونکە لیرەی لوبنانی زیاتر لە 90%ی بەهاکەی لەدەستدا. بانکی نێودەوڵەتیش لە راپۆرتی ساڵانەیدا دانانی ئەو نووسینگانەی ئاڵوگۆڕی دراوی لە لوبنان بە یەکێک لە سیاسەتە لاوازەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان داناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ