ئیسرائیل هەڕەشەی وێرانکردنی لوبنان دەکات و هەزاران چەکدار ئامادەییان نیشانداوە هاوکاریی حیزبوڵڵا بکەن

28-06-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
دیمەنی بۆردوومانێک لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان و ئیسرائیل
دیمەنی بۆردوومانێک لە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان و ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە هەشت مانگە شەڕە مووشەک لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بەردەوامە. بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرشانە؛ ئیسرائیل هێزی زیاتری رەوانەی ناوچە سنوورییەکان کردووە و هەڕەشەی گەڕاندنەوەی لوبنان بۆ "چاخی بەردین" دەکات. هاوکات هەزاران چەکداریش ئامادەییان بۆ هاوکاریی حیزبوڵڵا نیشانداوە.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "جەنگی ئێمە لەگەڵ خەڵکی غەززە و لوبنان نییە. جەنگەکەمان لە دژی حەماس و حیزبوڵڵایە. ئێمە تەنیا لە دژی ئەوانە دەجەنگین کە دەیانەوێت زیانمان پێبگەیێنن."
 
تادێت مەترسیی فراوانبوونی جەنگی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل زیاتر دەبێت.
 
لەدوای پەسندکردنی پلانی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، سوپا بەنیازە لەو هێرشانەیدا، نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە ناوچەی ئارام لەسەر سنوورەکان دروست بکات. ئامانجەکەشی گەڕاندنەوەی ئەو 60 هەزار ئاوارەیەی باکووری ئیسرائیلە بۆ ماڵەکانیان کە لە 7ی ئۆکتۆبەری پارەوە ئاوارە بوون.
 
ئەو شەڕ و پێکدادانانەی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل، تائێستا بوونەتە هۆی کوشتنی 485 کەس لە لوبنان، کە 94یان سڤیل بوون؛ لەگەڵ ئاوارەبوونی لانیکەم 100 هەزار کەس لە لوبنان. لە باکووری ئیسرائیلیش 26 کەس کوژراون کە 11یان سڤیلن.
 
مارتن گریفس، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "پێموایە ئەو ناوچەیە بووەتە شوێنێکی پڕ لە گرژی، بەتایبەتیش لە باشووری لوبنان. بەردەوام لەسەر هێڵم لەگەڵ هاوکارەکانم لە ئۆرشەلیم/قودس و بەیرووت، لەبارەی مەترسییەکان، کە چی روودەدات و رەنگە ناوچەکە وێران بکات."
 
رۆژی 26ی حوزەیران حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند، گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، سووریا و یەمەن ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بە هەزاران چەکدار رەوانەی لوبنان بکەن بۆ هاوکاریکردنی هێزەکەیان. ئەمەش وڵاتانی ترساندووە و نزیکەی 10 وڵات داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە