محەممەد بن سەلمان: بەرژەوەندیمان لەگەڵ ئێران هەیە، دەمانەوێت ئێران پێشکەوتوو بێت


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە نوێترین دەرکەوتنیدا قسەی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان سعودیە و ئێران کرد و رایگەیاند، ئەوان لە هەندێک جموجووڵی ئێران لە ناوچەکەدا نیگەرانن، بەڵام هێشتا دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئێران هەبێت
 
بن سەلمان، کە بەهۆی نەخۆشکەوتنی باوکییەوە وەک پاشای دیفاکتۆی سعودیە دادەنرێت، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، سعودیە بەرژەوەندیی لە ئێران هەیە و ئێرانیش بەرژەوەندیی لە سعودیە هەیە، ئەوانیش وەک سعودیە دەیانەوێت پەیوەندییەکی باش و تایبەتیان لەگەڵ ئێراندا هەبێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بن سەلمان دەشڵێت، جموجووڵەکانی ئێران وەک پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و هاوکاریکردنی هێزە میلیشیاکانی ناوچەکە و هەروەها بەرنامە موشەکییەکانی لەو کارانەن، کە سعودیە نیگەران دەکەن.
 
قسەکانی محەممەد بن سەلمان لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەی ئێران و سعودیە لە بەغدا ئاشکرایکرد، لەدوای نزیکەی 5 ساڵ لە دابڕان و پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان، بەرپرسانی سعودی و ئێرانی لە بەغدا گفتوگۆیەکی چڕیان ئەنجامداوە و تێیدا بەگوتەی سەرچاوە میدیاییەکە، دۆسیەی یەمەن و هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودییە تاوتوێکراون.
 
هەروەها ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لەبارەی دانوستاندنی ئێران و سعودیە لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا "بەکردەوە بە ئەنجامێکی روون نەگەیشتوونە و پێشڤەچوونێکی بەرچاوی نەبووە."
 
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە ئەوەیە کە سعودیە بەردەوام ئێران تۆمەتبار دەکات بە پاڵپشتیکردنی حوسییەکان، محەممەد بن سەلمان دەڵێت: "کێشەی ئێمە لەگەڵ ئێران ئەو مامەڵە و کردە نەرێنییانەیە کە ئێران دەیانکات، وەک بەرنامەی ئەتۆمی، یان هاوکاریکردنی هەندێک گرووپی میلیشای لەیاسادەرچوو، یان بەرنامە موشەکییەکانی. ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە و لە جیهانیش کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانە و هیواداریشین بتوانین سەرکوتوو بین و پەیوەندییەکەش باش و ئەرێنی بێت  لەپێناو بەرژەوەندی هەموو لایەک".
 
ئێران ساڵی 2019 پرۆژەیەکی بەناوی "ئاشتیی هورموز" بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و گەڕانەوەی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو. حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە ئۆکتۆبەری 2019 لە نامەیەکدا بۆ وڵاتانی نیمچەدوورگەی عەرەبستان، ئەو وڵاتانەی بانگهێشت کرد بە دەستپێشخەرییەوە پەیوەست بن. 
 
وڵاتانی عەرەبی پێشوازییان لەو دەسپێشەخەرییە و داواکارییەکانی دیکەی ئێران بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان نەکرد. سعودیە دەڵێت، دەبێت ئێران هەڵسوکەوتەکانی لە ناوچە بگۆڕێت و دەست لە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە هەڵبگرێت.
 
پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە ساڵی 2016 پچڕان، دوای ئەوەی کە سعودیە شێخ نێمر، کەسایەتیی ئایینیی شیعە مەزهەبی خەڵکی ئەو وڵاتەی لە سێدارەدا. 
 
بۆ ناڕەزایەتی لەو رووداوە، لە تاران هێرشکرایەسەر باڵیۆزخانەی سعودیە و ئاگری تێبەردرا. هەروەها کۆنسوڵخانەی سعودیە لە شاری مەشهەدیش هێرشی کرایەسەر، لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی تاران و ریاز دووژمنکارانە و پڕ ململانێی تووندن. 
 
سعودیە و ئێران بەتایبەت لە بابەتەکانی سووریا، لوبنان و یەمەندا پێکەوە ناکۆکییان هەیە. سعودیە هەروەها دژی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێرانە.