جومبڵات: ئیسرائیل دروزەکانی سووریا بۆ دابەشکردنی ناوچەکە بەکاردێنێت

28-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەلید جومبڵات، سەرکردەی دروزەکانی لوبنان، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە پەیڕەوانی دروز لە سووریا بەکاردێنێت بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر بنەمای تائیفی دابەشبکات. 
 
جومبڵات دەڵێت، ئیسرائیل دەیەوێت "ئەو پلانەی کە هەمیشە هەیبوو جێبەجێ بکات، کە بریتییە لە دابەشکردنی ناوچەکە بۆ قەوارەی تائیفی و درێژەدان بە ئاژاوەگێڕی".
 
سەرکردە دروزییە لوبنانییەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ئەوان دەیانەوێت غەززە لەنێوببەن، دوای ئەوە نۆرەی کەرتی رۆژئاوا دەبێت. ئەوان هەوڵدەدەن لە رێگەی دروزەکان و ئەوانی دیکەوە، سەقامگیریی سووریا تێکبدەن. ئەوە یارییەکی مەترسیدارە."
 
دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هەوڵیداوە خۆی لە دروزەکانی سووریا نزیکبکاتەوە. 
 
لەو کاتەوە ئیسرائیل جارێکی دیکە یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێلکردووە و ناوچەی لەچەکداماڵدراوی لە بەرزاییەکانی گۆلان کۆنترۆڵکردووە. 
 
بڕوادارانی دروز، لە ئیسرائیل، لوبنان و سووریا هەن، لەنێویاندا بەرزاییەکانی گۆلان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە.
 
درووزەکان نزیکەی 3٪ـی دانیشتوانی سووریا پێکدەهێنن و لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری ئەو وڵاتە چڕبوونەتەوە.
 
لەم مانگەدا، دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا 10 هەزار پاکێجی هاوکاریی مرۆیی بۆ "دروزەکان لە ناوچە جەنگییەکانی سووریا" نێردراون.
 
هەروەها بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئیسرائیل هاوپەیمانییەکی بوێرانەی لەگەڵ خوشک و برا دروزەکانمان هەیە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە