رووداو دیجیتاڵ
چەند بەرپرسێکی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، ئاماژە بەوە دەکەن، هێرشی سەر بنکە سەربازییەکەی ئوردن بە درۆن و لە لایەن گرووپێکی عێراقییەوە کراوە.
ئەمشەو سێ بەرپرسی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، لەبارەی هێرشەکەی سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئوردن قسەیان بۆ میدیای ئەمریکا کردووە و تێیدا ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکە لە لایەن یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە ئەنجام دراوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام لە سێ مانگی رابردوودا گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەنجامدانی دەیان هێرش بۆسەر بنکەی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا راگەیاندووە.
لە لایەکی دیکەوە و دوای هەڕەشەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە وەڵامدانەوەی ئەوانەی بەرپرس بوون لە هێرشە سەربازییەکە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بە چۆڵکردنی پێگەکانیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کرد.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، نزیکەی دوو کاژێر دەبێت کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەستیان بە چۆڵکردنی پێگەکانیان لە رۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەتی لە ناوچەی ئەبوکەمال و مەیادین کردووە، ئەوەش لە ترسی هێرشکردنە سەریان لە لایەن ئەمریکاوە.
ئەو هەنگاوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دوای ئەوە هات، ئەم ئێوارەیە بە کاتی هەرێمی کوردستان، جۆ بایدن لە راگەیێندراوێکدا هەڕەشەی ئەوەی کرد، کاردانەوەیان دەبێت بۆ ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بەڵام کات و شێوازی کاردانەوەکە دیاری ناکەن.
شەوی رابردوو هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن کە بە تاوەر 22 دەناسرێت. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 34ی دیکە برینداربوون.
تاوەر 22 نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە بنکەی سەربازیی تەنفی سووریاوە دوورە کە هێزێکی ئەمریکی لەوێش جێگیرە. ژمارەیەک سەرباز و راوێژکاری سەربازی ئەمریکی لە تاوەر 22 دەمێننەوە کە زیاتر ئەرکیان راهێنانکردنە بە هێزە ئوردنییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ