'مقاوەمە' دەڵێت پێنج هێرشیان کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان، سووریا و ئیسرائیل

28-01-2024
هێمن بابان رەحیم
دیمەنی هێرشێکی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بۆسەر حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان
دیمەنی هێرشێکی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بۆسەر حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، رایانگەیاند، دوێنێ و ئەمڕۆ بە درۆن پێنج بنکەی هێزەکانی ئەمریکایان لە پارێزگاکانی حەسەکە، حمس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
 
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق - شیعە، لە دوو راگەیێندراودا لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیدا بڵاویان کردووەتەوە، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی "شەدادی، خەربەت عەدنان لە پارێزگای حەسەکە، تەنەف و روکبان لە پارێزگای حمسی سووریا، هەروەها هێرشێکیش بۆ سەر دامەزراوەی زفولونی دەریایی لە ئیسرائیل بووە."
 
ئەو گرووپە چەکدارە باسی لەوەش کردووە، هێرشەکانیان بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیلە لە غەززە. دەشڵێت، لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
 
هێرشەکان دوێنێ شەممە 27 و ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی دووەم کراون و گرووپەکە لەگەڵیاندا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە هێرشێکی درۆنیی هێزەکانیان بۆ سەر بنکەی "خەربەت عەدنان" لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کە بە گوتەی خۆیان دوێنێ شەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2024 کردوویانە.
 
ئەو هێرشانە لەنێو خاکی عێراقەوە لە کاتێکدایە زۆرجار بەرپرسانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نابێت لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک، مادەی 7ـی دەستووری عێراقیش دەڵێت دەوڵەت پابەند دەبێت بە دژایەتیکردنی تیرۆر بەهەموو جۆرەکانییەوە، کار بۆ پاراستنی خاکەکەی دەکات لەوەی نەبێتە شوێنێک بۆ کردەوەکانی.
 
"موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە بە نزیک لە ئێران دادەنرێن لە 17-10-2023 دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان کردووە، تاوەکو ئێستاش بەرپرسیاریێتی  زیاتر لە 170 جار هێرشیان لە ئەستۆ گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە