ئەفغانستان؛ برسێتی و هەژاری بەشێکی خەڵک ناچار بە فرۆشتنی گورچیلە و منداڵەکانیان دەکات

28-01-2022
دڵزار زوبێر
بەشێک لەو کەسانەی گورچیلەیان فرۆشتووە
بەشێک لەو کەسانەی گورچیلەیان فرۆشتووە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە خەڵکی ئەفغانستان گورچیلەیان فرۆشتووە بۆئەوەی پارووە نانێک بۆ خۆیان و منداڵەکانیان پەیدابکەن. لە یەکێک لە گوندەکانی هیرات لە ئەفغانستان چەندین کەس گورچیلەیەکی خۆیان فرۆشتووە. بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەوە لە ئەفغانستان خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە.
 
هاووڵاتییەکی دانیشتووی دەوروبەری هیرات دەڵێت، "ئێمە هیچ چارەیەکمان نییە. گورچیلەکانیشمان فرۆشتووە. ئێستا دەبێت منداڵەکانیشمان بفرۆشین".
 
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی 9.5 ملیار دۆلاری وڵاتەکەیان لە بانکەکاندا بلۆک کرد، ئەوەش وایکردووە ئەفغانستان رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری و هەژاریی تووند ببێتەوە.
 
بەشێک لە ژنان هەر گورچیلەیەکیان بە نزیکەی هەزار و 500 دۆلار فرۆشتووە، کە ئەوەش 500 دۆلار کەمترە لەو نرخەی بە گورچیلەی پیاوان دراوە. سەرەڕای ئەمەش پارەکە هێشتا بەشی گوزەرانی ئەو کەسانە ناکات، ئێستا ناچاربوون منداڵ بفرۆشن بۆئەوەی خواردن بۆ ئەوانی دیکە دابینبکەن.
 
ژنە دانیشتوویەکی دەوروبەری هیرات دەڵێت، "کەس ناتوانێت پێم بڵێت بۆئەوەی منداڵەکانم بفرۆشم، بەڵام توانای بە زیندوو هێشتنەوەیانمان نییە. لەبەر ئەوەیە بیر لە فرۆشتنیان دەکەینەوە. لەوانەیە ئەمە بۆ ئەوانیش باشتر بێت و دەتوانین خواردنیش بۆ ئەوانی دیکە پەیدا بکەین".
 
بەشێک لە خەڵکی ئەفغانستان لە بارودۆخێکی تراژیدیدا دەژین، ئەو هاوکارییەی پێشکێش دەکرێت زۆر لەوە کەمترە بەشی ئەوان بکات. دایک و باوکێک، هەریەکەو گورچیلەیەکیان فرۆشتووە بۆئەوەی خۆراک بۆ هەشت منداڵەکەیان بکڕن.
 
ژنێکی دانیشتووی هیرات باس لەوە دەکات، "منداڵێکم لەدەستداوە، ناتوانم ببینم هەموویان دەمرن. هیچ نەبێت ئەو کەسەی پێی دەفرۆشم خواردنیان پێدەدات".
 
هیچ دایکێک بە خەیاڵیشیدا نایێت و نایەوێت جگەرگۆشەکەی بفرۆشێت، بەڵام برسێتی و نەداری دەتوانێت تەنانەت پەیوەندیی نێوان دایک و منداڵیش بپچڕێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە