حیزبوڵڵای لوبنان هێرشی کردە سەر سوپای ئیسرائیل

رووداو - هەولێر

لە نزیک گوندی غەجەر لە  کێڵگەکانی شەبعا، چەکدارانی حیزبوڵڵا هێرشیان کردە سەر مەفرەزەیەکی سوپای ئیسرائیل و لە ئاکامدا 9 سەرباز برینداربوون،  باڵی سەربازی حیزبوڵڵای لوبنانی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند.  

ئەفیخای ئادری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە مووشەکی دژە تانک هێرشکراوەتە سەر سوپای ئیسرائیل و ئامانجیش رفاندنی سەربازەکانی بووە، هاوکات میدیاکانی لوبنان رایانگەیاند، کە سەربازێکی ئسیرائیل رفێندراوە، بەڵام لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە رەتکرایەوە.

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە ئیسرائیل بە تووندی وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکەی کێڵگەکانی شەبعا دەداتەوە.   دواتر سوپای ئیسرائیلی ژمارەیەک تۆپی ئاراستەی  باشووری لوبنان کردن و بەو هۆیەوە سەربازێکی هێزی ئاشتی پارێزی سەر بە کەتیبەی ئیسپانیا لە جۆلان کوژرا.