رووداو دیجیتاڵ
قەشەیەکی رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی رووداوەوە داوا لە لایەنە کوردی و کرستیانەکان دەکات، یەکگرتوو بن و کار بۆ دەستەبەرکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان لە دەستووری نوێی سووریادا بکەن، لەوانەش مافی قسەکردن و بەکارهێنانی زمانی کوردی و سریانی.
قەشە نەعیم یوسف، سەرپەرشتیاری کەنیسەی یەکێتیی کرستیان لە شاری دێرکی پارێزگەی حەسەکە بە رووداوی گوت: "پێویستە مافی هەموو هاووڵاتییان بپارێزرێن، هەروەها مافی زمان و قسەکردن بە کوردی و بە سریانی، ئەمە داواکارییەکی گشتییە کە بە بڕوای من دەبێت لە نێو دەستووری نوێدا هەبن."
پیاوە ئاینییەکە هەروەها داوا دەکات کورد و کرستیانەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێدا بەشدار بن.
ئەو دەڵێت: "هیودارین هەمووان مافە نەتەوەیی و ئایینییەکانیان بەدەستبێنن، چ کورد بن، یان گەلی ئاشووری، سریانی، کلدانی و ئەرمەنیمان. ئەمە داواکارییەکی رەوایە و پێویستە هەموومان رۆڵمان هەبێت بۆ ئەوەی لیژنەیەکی گفتوگۆ هەبێت و هەمووان تێیدا بەشدار بن تاوەکو دەستووری نوێ بنووسنەوە."
قەشە نەعیم هۆشداریش دەدات کە "ناکرێت لە سووریای نوێدا هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت، ئەگەر نا، خۆمان لە بەردەم کارەساتدا دەبینینەوە."
قەشەکە لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رۆژی هەینیی رووداودا بەشدار بوو کە نالین حەسەن پێشكێشیکرد.
دوای ئەوەی 8ی کانوونی دووەم کۆتایی بە دەسەڵاتی 53 بنەماڵەی ئەسەد هێنرا، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لەگەڵ لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێی سیستمی داهاتووی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دەکەن.
لەژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا، کورد لە مافە هەرە سەرەتاییەکانی بێبەشکرابوو، دیارترینیان وەڵاتینامە و بەکارهێنانی زمانی کوردی لە نێوەندە فەرمییەکان.
کورد چاوی لەوەیە لە سووریای نوێدا مافە زەوتکراوەکانی بگەڕێنێتەوە، بەڵام لایەنە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە نێو ماڵێکی پەرتەوازەوە خۆیان لەبەردەم وەرچەرخانە مێژووییەکەدا دەبیننەوە.
چارەنووسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەگرێتەوە، بە نادیاری ماوەتەوە.
هاوپەیمانیی پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کە پێکهێنەری دەسەڵاتی قەوارەکەیە، ناکۆکیی لەگەڵ پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵاتەکەیە کە لە ژێر چەتری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)دا کۆبوونەتەوە.
قەشە نەعیم یوسف بە رووداوی گوت: "من ئەنەکەسە و پەیەدە هاندەدەم رێکبکەون، لەبەر ئەوەی دوو پێکهاتەی سەرەکین و ناکۆکیی گەورە لە نێوانیادا هەیە، دواتر شاندێکی هاوبەش بە بەشداریی هەمووان پێکبهێرێت بۆ ئەوەی داوکارییەکانی ئەم گەلە هەمووی بگوازنەوە، بە هەموو نەتەوەکانەوە، بە عەرەب، کرستیانەکان بە هەموو کۆمەڵە و نەتەوەکانییەوە،" گوتیشی، "هەرچەند سازان لەم ناوچەیە زیاتر بێت، کاریگەریی هێزەکەیان زیاتر دەبێت و داواکارییەکانمان دەنگدانەوەی زیاتری دەبێت."
لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، شاندێکی ئەمریکی و ئەورووپی چووە رۆژئاوای کوردستان بۆ لێکنزیککردنەوە هەردوولا، بەڵام تاوەکو ئێستا لەسەر پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش رێکنەکەوتوون.
ئەنەکەسە دەڵێت، مەرجیی سەرەکییان چوونەدەرەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە رۆژئاوای کوردستان. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکە راگەیاندووە، کە هەمان مەرجی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی ئێستای دیمەشقیشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ