بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە، بلینکن سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە

27-12-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن ئەنتۆنی بلینکن ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوا دەکاتەوە، بەمەبەستی دەستپێکردنی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی، تاوەکو جەنگی غەززە کۆتایی پێبێت. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئاشکرایان کرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بلینکن سەردانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە و جەنگی غەززەی نێوان ئیسرائیل و حەماس، پرسی سەرەکی سەردانەکەی دەبێت.  
 
ئەمە دەبێتە پێنجەمین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، کە تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 21 هەزار و 400 فەلەستینی، لە بەرامبەریشدا لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلیش کوژراون. 
 
ئەم سەردانەش بەشێکە لە زنجیرە دانوستاندنەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای ئیدارەی بایدن و بەرپرسانی ئیسرائیلی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و هێورکردنەوەی دۆخەکە. هەروەها بڕیارە بلینکن سەردانی هەریەک لە وڵاتانی ئوردن، سعودیە، قەتەر، ئیمارات و ئیسرائیل بکات و لەگەڵ بەرپرسانی فەلەستینیش لە کەرتی رۆژئاوا کۆببێتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەم، بلینکن لەگەڵ رۆن دێرمێر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل، لە واشنتن کۆبووەوە و هەر هەمان رۆژ ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە لە کۆشکی سپی لەگەڵ جەیک سولەیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە پلانی دوای جەنگ کراوە، لەگەڵ گۆڕینی شێوازی جەنگی غەززە، کە تائێستا لەماوەی دوو مانگی ئۆپەراسیۆنی زەوینی، 158 سەربازی ئیسرائیلی لەنێو کەرتەکەدا کوژراون.  
 
هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ نێو غەززە و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کراوە، لەگەڵ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بارمتانەی هێشتا لای چەکدارانی حەماسن کە ژمارەیان 131 بارمتەیە.  
 
ئەم گفتوگۆیانەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەکاتێکدان رۆژی سێشەممە، فەرماندەی گشتیی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند چاوەڕێ دەکەن شەڕی غەززە شەڕێکی درێژخایەن و چەند مانگی بێت و بەردەوامیش دەبن تا کۆتایی یەکجارەکی حەماس. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە