سوپای پاسداران: 'تۆفانی ئەقسا' لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بوو

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هێرشەکەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بە "تۆفانی ئەقسا" ناسراوە، لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو. ئاماژەی بەوەشکرد کە لە تۆڵەی کوشتنی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودس لە سووریا، "وەڵامی ئێران تێکەڵەیەک دەبێت لە هەنگاوی راستەوخۆ و هەنگاوی بەرەی مقاوەمە."
 
رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، رەمەزان شەریف، گوتەبێژ و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران ئاماژەی بە هێرشەکەی رۆژی 07-10-2023 حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کرد کە بە "تۆفانی ئەقسا" ناسراوە و رایگەیاند، ئەو هێرشە لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و لەلایەن بەرەی مقاومەوە کراوە.
 
رەمەزان شەریف گوتی، "تۆفانی ئەقسا یەکێک لە تۆڵەسەندنەوەکانی بەرەی مقاوەمە بوو لە ئیسرائیل، لە بەرامبەر شەهیدکردنی قاسم سولەیمانی. زایۆنییەکان لە تۆفانی ئەقسادا زیاتر لە 200 فەرماندەیان لەدەستدا و زیانەکانیان زیاتر لە 1500 کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بۆ رژێمێک کە بانگەشەی ئەوە دەکات لە بواری سەربازیدا تووشی شکست نابێت، نیشانەی لەناوچوونە."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵایین"ـی راگەیاند و دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد.
 
سەبارەت بە کوشتنی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودس لە سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە، گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل بە هۆی شکستەکانی بوو لە غەززە و لە شەری دژی حەماسدا.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە تۆڵەی کوشتنی ئەو فەرماندە باڵایەی فەیلەقی قودس لە سووریا، "وەڵامی ئێران تێکەڵەیەک دەبێت لە هەنگاوی راستەوخۆ و هەنگاوی بەرەی مقاوەمە."
 
رەمەزان شەریف گوتی، "سوپای پاسداران بەهۆی ئەو هێزەی کە هەیەتی، هەم تۆڵە دەکاتەوە و هەمیش بیانوو ناداتە دەست دوژمن."
 
گوتەبێژی سوپای پاسداران پێیوایە، "هەلومەرجی تیرۆرکردنی جەنەراڵ سولەیمانی لەگەڵ تیرۆرکردنی شەهید مووسەوی جیاوازە و ئەمرۆ پێکدادانی مەیدانی هەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کارێکی تایبەت نەکرێت."
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەم، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرانی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
 
سەید رەزی مووسەوی، ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو بەرپرسی لۆجیستیی هێزەکانی ئێران بوو لە سووریا و لوبنان.
 
بە گوتەی رەمەزان شەریف، ئیسرائیل هەوڵدەدات شەڕەکەی ئێستا لە غەززەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە و "ئامانجی ئەوەیە شەڕەکە بکاتە شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریکا، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی وەڵامێکی گونجاوی ئەم هەوڵانەی ئیسرائیلیان داوەتەوە، بە تایبەتیش عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە رۆژی یەکەمی هێرشەکەدا رایگەیاند، 'تۆفانی ئەقسا' هەنگاوێکی خۆڕسکی فەلەستینیە."
 
ئەو بەرپرسەی سوپای پاسداران هەروەها گوتی، ئیسرائیلییەکان لە ژێر گوشارێکی زۆردان و بۆ ئەوەی لە ژێر ئەم گوشارە بێنە دەرەوە، هەوڵدەدەن بەرەی شەڕ فراوانتر بکەن.