رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا پێشوازیی لە ئاگربەستەکەی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەکات و داوا دەکات بە تەواوی جێبەجێبکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 27-11-2024 دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا - کرێملن، لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیلدا گوتی: "مۆسکۆ [ئاگربەستەکە] بە ئەرێنی دەبینێت."
پێسکۆڤ هەروەها گوتی: "گرنگە جێبەجێکردنی ئەم ئاگربەستە لەگەڵ خاڵەکاندا کە لەسەری رێککەوتوون، هاوتەریب بێت."
کاژێر 23:30ـی رۆژی (سێشەممە 26-11-2024)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلی راگەیاند.
راگەیاندنی ئاگربەستەکە دوای ئەوە هات، شەوی رابردوو کابینەی جەنگی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە و ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی قبووڵکرد کە چەندین هەفتەیە ئەمریکا کاری لەسەر دەکات.
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 60 رۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار بۆ بە هەمیشەییکردنی دەکرێت.
دەبێت سوپای ئیسرائیل لەو ماوەیەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەنێو لوبنان نەکات؛ لە باشووری لوبنان بکشێتەوە؛ 5000 سەربازی سوپای لوبنان شوێنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە بگرنەوە.
دەبێت هەردوولا دان بە پڕۆژە بڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێن کە داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات.
جەنگی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە 8ـی تشرینی یەکەمی پار، واتە رۆژێک دوای جەنگی غەززە بە هێرشی رۆکێتی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوە ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی سێ هەزار و 768 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 15 هەزار کەسی دیکە لە لوبنان.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، نزیکەی زیاتر لە 900 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون.
لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 45 هاووڵاتی ئیسرائیلی لە باکووری ئەو وڵاتە کوژراون، ئەوە جگە لەوەی سوپای ئیسرائیل کوژرانی 73 سەربازی لە بەرزاییەکانی گۆلان و باشووری لوبنان راگەیاندووە.
هەروەها نزیکەی 60 هەزار کەس لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ