رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە ئاگربەست لە نێوانیان راگەیێندراوە، بەڵام حیزبوڵڵا دەڵێت، دەستیان لەسەر "پەلەپیتکە" دەبێت و ئیسرائیلیش دەڵێت: "کار بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی جەنگ دەکەین."
رۆژی چوارشەممە 27-11-2024، بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، چەکدارەکانیان دەستیان لەسەر "پەلەپیتکەی چەکەکان" لە دژی ئیسرائیل دەبێت. هەروەها گوتی: "توانیمان بەسەر ئیسرائیلدا سەرکەوین."
راگەیێنراوەکەی حیزبوڵڵا لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلی راگەیاند. ئاگربەستەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە کاژێر 5:00ـ [بەکاتی هەولێر] چووە واری جێبەجێکردنەوە.
پێش راگەیێنراوەکەی حیزبوڵڵا، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: "هەر چەکدارێک لەو ناوچانەی باشووری لوبنان کە سەربازەکانمانی لێن، ببینین، یان دەیانکوژین یانیش دەستگیر و زیندانیان دەکەین."
هەگاری باسی لەوەشکرد، جێبەجێکردنی ئاگربەست لە لوبنان بە پلەبەندی دەبێت و "رووبەڕووی هەموو جۆرە پێشێلکاری و تووندوتیژییەک دەبینەوە. کار دەکەین بۆ ئەوەی هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدەستبهێنین."
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 60 رۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار بۆ بە هەمیشەییکردنی دەکرێت.
دەبێت سوپای ئیسرائیل لەو ماوەیەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەنێو لوبنان نەکات؛ لە باشووری لوبنان بکشێتەوە؛ 5000 سەربازی سوپای لوبنان شوێنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە بگرنەوە.
بەپێی ئاگربەستەکە، چەکدارانی حیزبوڵڵاش شوێنەکانیان بۆ باکووری رووباری لیتانی دەگوێزنەوە کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە. خاڵێکی دیکەی پێشنیازەکە بریتییە لەوەی ئەگەر هەر پێشێلکارییەک کرا، سوپای ئیسرائیل مافی هەیە لەنێو خاکی لوبنان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات.
دەبێت هەردوولا دان بە پڕۆژە بڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێن کە داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات.
حیزبوڵڵا هەروەها گوتی: "سوپای ئیسرائیل شکستی هێنا لە دروستکردنی هیچ زۆنێکی سەربازی یان ئەمنی لە باشووری لوبنان. لەوکاتەوەی سوپای دووژمن [لە 23-09-2024] دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی کرد، 130 سەرباز و فەرماندەمان لێ کوشتوون."
بزووتنەوە لوبنانییەکە هەروەها رایگەیاند، لە ماوەی 13 مانگی جەنگدا "چوار هەزار و 637" ئۆپەراسیۆن و هێرشیان کردووەتە سەر سوپای ئیسرائیل. راشیگەیاند: "بە تەواوی بۆ هەر هێرشێکی ئیسرائیلی دووژمن ئامادە دەبین و چاودێریی کشانەوەی هێزەکانیان دەکەین لەسەر سنوور."
جەنگی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە 8ـی تشرینی یەکەمی پار، واتە رۆژێک دوای جەنگی غەززە بە هێرشی رۆکێتی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوە ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی سێ هەزار و 768 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 15 هەزار کەسی دیکە لە لوبنان.
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 900 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون.
لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 45 هاووڵاتی ئیسرائیلی لە باکووری ئەو وڵاتە کوژراون، ئەوە جگە لەوەی سوپای ئیسرائیل کوژرانی 73 سەربازی لە بەرزاییەکانی گۆلان و باشووری لوبنان راگەیاندووە.
هەروەها نزیکەی 60 هەزار کەس لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ