رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی جەنگی لوبنان و راگرتنی شەڕی ئەو گرووپە لەگەڵ ئیسرائیل، بە فەرمی و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، تەرمی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری پێشووتریان بەخاکدەسپێرن.
رۆژی چوارشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2024، مەحموود قوماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی حیزبوڵڵا، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا لە بەیرووت لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند کاژێرێک بەسەر ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، رایگەیاند ئەوان لەپلانیاندایە، بەزووترین کات رێوڕەسمێکی تایبەتی بەڕێوەبەرن بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی ئەمینداری پێشووتریان حەسەن نەسروڵڵا و هەروەها شوێنگرەوەکەی هیشام سەفیەدین کە هەردووکیان لەماوەی دوو مانگی رابردوودا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران.
قوماتی، رایگەیاند: "ئێمە ئەوکات لەبەر دۆخەکە، رێوڕەسمەکەمان دواخست و ئێستاش ئامادەکاریی دەکەین بۆ ناشتن و بەڕێوەچوونی پرسەیەکی فەرمی، پرسەیەک شایەنی ئەو سەرکردەیە بێت."
ئێوارەی رۆژی 27ی ئەیلوولی رابردوو، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی چڕی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیروتی پایتەخت و بەئامانجکردنی بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵا لە لوبنان، شەش کەس کوژران و لانیکەم 90ی دیکەش برینداربوون، یەکێک لە کوژراوەکان حەسەن نەسروڵڵا بوو.
نەسروڵڵای تەمەن 64 ساڵ بۆ ماوەی 32 ساڵ ئەمینداری حیزبوڵڵا بوو. لە دوای کوژرانی، هاشم سەفیەدین کرایە ئەمینداری بزووتنەوەکە، بەڵام ئەویش لە هێرشێکی دیکەی سوپای ئیسرائیل لە 3ی ئۆکتۆبەردا کوژرا، سێ هەفتە دوای کوژرانی، لەلایەن سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە کوشتنەکەی پشتڕاستکرایەوە.
لە ماوەی یەک ساڵی جەنگی نێوان، حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا، سوپای ئیسرائیل 19 سەرکردەی باڵای حیزبوڵڵا کوشت، کە حەوتیان لە ئەنجوومی سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ