ئاگربەست لە لوبنان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە؛ حەماس دەڵێت، ئەوانیش ئامادەن

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سوپای لوبنان داوا لە هاووڵاتییانی خەڵکی باشووری وڵاتەکەی دەکات نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان تاوەکو سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە. بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینیش دەڵێت، بۆ ئاگربەست ئامادەیە. 
 
گەڕانەوەی خەڵک بۆ باشووری لوبنان
 
ئاگربەستەکە کاژێر 4:00ـی بەرەبەیان بە کاتی بەیرووت و 5ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر) کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
ئاگربەستەکە بووە هۆی دروستبوونی خۆشحاڵی لای خەڵکێکی زۆر، لەوانەش خەڵکی ئاوارەبووی باشووری لوبنان. 
 
هەزاران هاووڵاتی لە رێگە دەبینرێن کە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. 
 
سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی لوبنانی دەکات لە پێگە سەربازییەکان و ئەو گوندانە نزیک نەبنەوە کە داوای چۆڵکردنیان لێکردبوون. 
 
سوپای وڵاتەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، جارێ هێزەکانی لە شوێنەکانی خۆیان لە باشووری لوبنان ماون. 
 
سوپای ئیسرائیل بە هاووڵاتییانی باشووری لوبنان دەڵێت، "رێگەتان پێنادرێت بچنە ئەو گوندانەی هێزی بەرگریی ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی کردبوون؛ هەروەها رێگەتان پێنادرێت لە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل نزیک بکەونەوە".  
 
سوپای لوبنانیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "رێکاری پێویست" بۆ گواستنەوەی هێزەکانی بۆ باشووری لوبنان دەگرێتەبەر. 
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای لوبناندان هاتووە، "سوپا داوا لە هاووڵاتییان دەکات جارێ نەگەڕێنەوە گوند و شارۆچکەکانی بەرەی جەنگ. دەبێت چاوەڕێی کشانەوەی هێزی ئیسرائیلی دووژمن بکەن". 
 
ئاگربەستەکە چی دەگرێتەوە؟
کاژێر 23:30ـی رۆژی (سێشەممە 26-11-2024)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیلی راگەیاند. 
 
راگەیاندنی ئاگربەستەکە دوای ئەوە هات، شەوی رابردوو کابینەی جەنگی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە و ئەو پێشنیازی ئاگربەستەی قبووڵکرد کە چەندین هەفتەیە ئەمریکا کاری لەسەر دەکات. 
 
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکە بۆ 60 رۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا کار بۆ بە هەمیشەییکردنی دەکرێت.
 
دەبێت سوپای ئیسرائیل لەو ماوەیەدا هیچ ئۆپەراسیۆنێک لەنێو لوبنان نەکات؛ لە باشووری لوبنان بکشێتەوە؛ 5000 سەربازی سوپای لوبنان شوێنی چەکدارانی حیزبوڵڵا لە باشووری ئەو وڵاتە بگرنەوە. 
 
دەبێت هەردوولا دان بە پڕۆژە بڕیاری 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بنێن کە داوای چەکدانان لە گرووپە چەکدارەکانی لوبنان و جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری ئەو وڵاتە دەکات. 
 
ئامۆس هۆکستاین، نێردەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری گوتی، جارێ هێزەکانی ئیسرائیل کە بە دووری 2 تاوەکو 3 کیلۆمەتر لە سنوور چوونەتە نێو لوبنان، لەو وڵاتە دەمێننەوە و لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا قۆناخ بە قۆناخ دەکشێنەوە. 
 
هۆکستاین گوتی، کاری زۆر هەیە لە ماوەی ئەو 60 رۆژەدا بکرێت و رایگەیاند، "سوپای لوبنان ناتوانێت زۆر بە خێرایی ئەو هەموو هێزە بگوازێتەوە بۆ باشووری لوبنان، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆرە لەو ناوچەیە نەبووە". 
 
هۆکستاین گوتی، "نامانەوێت ئەوەی ساڵی 2006 روویدا دووبارە ببێتەوە، کاتێك جەنگ کۆتاییهات، بەڵام خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێنەکران و ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە ئەم ساڵ جەنگ هەڵگیرسایەوە". 
 
بنیامین نەتەنیاهووش دوێنێ سێشەممە گوتی، ئەگەر حیزبوڵڵا "هەڕەشەیەکی نوێ دروستبکات، ئەوا ئازادیی تەواومان هەیە بەرامبەری هەنگاو بنێین". 
 
ئێران پێشوازی لە ئاگربەست دەکات و حەماسیش بۆ ئاگربەست ئامادەیە 
 
کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل دەکات. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی،" پێشوازی لە هەواڵی کۆتاییهاتنی دەستدرێژیی رژێمی زایۆنی بۆ سەر لوبنان دەکەین و لە سەر پشتیوانیکردنی بەرەی موقاوەمە و خەڵکی لوبنان بەردەوام دەبین".
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی،" لە ماوەی 14 مانگی رابردوودا وڵاتەکەمان لە رێگەی دیپلۆماسیەوە هەوڵی راگرتنی شەڕی لە غەززە و لوبنان داوە".
 
بزووتنەوەی حەماسیش بە گرنگییەوە لەئاگربەستەکە دەڕوانێت و دەڵێت، ئەوانیش بۆ ئاگربەست ئامادەن. 
 
بەرپرسێکی باڵای ئەو بزووتنەوەیە کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە فرانس پرێسی راگەیاند، "بە نێوەندگیرەکانمان لە میسر، قەتەر و سعودیە گوتووە کە بۆ رێککەوتنی ئاگربەست و رێککەوتنێکی جیدی بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییان ئامادەن."
زیانی گیانیی جەنگەکە 
جەنگی حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە 8ـی تشرینی یەکەمی پار، واتە رۆژێک دوای جەنگی غەززە بە هێرشی رۆکێتی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل دەستیپێکرد.
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، لەو کاتەوە ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی سێ هەزار و 768 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 15 هەزار کەسی دیکە لە لوبنان.
 
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیکەی زیاتر لە 900 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون. 
 
لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵاش 45 هاووڵاتی ئیسرائیلی لە باکووری ئەو وڵاتە کوژراون، ئەوە جگە لەوەی سوپای ئیسرائیل کوژرانی 73 سەربازی لە بەرزاییەکانی گۆلان و باشووری لوبنان راگەیاندووە.
 
هەروەها نزیکەی 60 هەزار کەس لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل ئاوارە بوون.
 
زیانە ئابوورییەکانی جەنگەکە 
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی جیهانی، جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، زیانی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری بە لوبنان گەیاندووە. 
 
ئەو راپۆرتە کە رۆژی 14ـی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، باس لەو زیانە دەکات کە بەهۆی ئەو جەنگە 13 مانگییەوە بەر لوبنان کەوتووە. 
 
لەوکاتەوە، زیانی ئەو جەنگە بۆ ئابووری لوبنان بە 5.1 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەتایبەتی زیانێکی گەورەی بە کەرتەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ گەیاندووە.
 
بانکی جیهانی زیانی باڵەخانە و خانووەکانی لە لوبنان بە 3.4 ملیار دۆلار خەمڵاندووە و ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 99 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە لوبنان وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە. 
 
زۆرترین زیان بەر باڵەخانەکانی ناوچەی باشووری بەیرووت کەوتووە کە ناوچەکە بەوە ناسراوە زۆرترین ئەندام و بەرپرسی حیزبوڵڵای تێدا نیشتەجێن و لانیکەم 262 باڵەخانە لەو ناوچەیە وێران بوون. 
 
کەرتی کشتوکاڵی لوبنان یەکێک بووە لە قوربانییە گەورەکانی ئەو جەنگە و بەگوێڕەی راپۆرتەکەی بانکی جیهانی، زیانی ئەو کەرتە بەتایبەتی لە باشووری لوبنان بە 1.1 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. 
 
هەروەها زیانێکی گەورەش بە کەرتی تەندروستی لوبنان کەوتووە کە بە 338 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت؛ زیانی کەرتی پەروەردەش بە 251 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. 
 
زیانەکانی ئیسرائیل: 
 
حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و رۆکێتییەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکووری وڵاتەکەی زیانی 273 ملیۆن بەر یەکەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەکانی ناوچەکە کەوتووە.
هەروەها زیاتر لە 55 هەزار هێکتار دارستان و پووش و پاوان لە باکووری ئیسرائیل سووتاوە. 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، حیزبوڵڵا لەماوەی 13 مانگی رابردوودا زیاتر لە 10 هەزار هێرشی مووشەک و رۆکێت و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە