نەتەنیاهوو لە نیویۆرک رەزامەندیی لەسەر هێرشەکەی سەر بەیرووت دەربڕیوە

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئیسرائیل وێنەیەکی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی لە نیویۆرک بڵاوکردەوە کاتێك "رەزامەندی دەربڕیوە" هێرش بکرێتە سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەیرووت.
 
رۆژی هەینی 27ی ئەیلوولی 2024، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێنەیەکی بنیامین نەتەنیاهووی لە هۆتێلێکی نیویۆرک بڵاوکردەوە، کە تێیدا لەگەڵ هێرزی هەلێڤی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەردەکەوێت و "رەزامەندی دەردەبڕێت" بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵا.
 
پێش ئەوەی نەتەنیاهوو گوتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێبکات، نووسینگەکەی وێنەکەی بڵاوکردەوە.
 
نەتەنیاهوو بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرکی کرد، بەڵام نووسینگەکەی بڵاویکردەوە، نەتەنیاهوو پێش ئەوەی گەشتەکەی تەواو بێت، کاژێر 8ـی ئێوارە بەکاتی ئیسرائیل [هاوکاتە لەگەڵ هەولێر] بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێکەوت و گەڕایەوە وڵاتەکەی.
 
ئەمڕۆ ئێوارە سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر باشووری بەیرووت و میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئامانجەکە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بووە.
 
هەر ئەمڕۆ دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی  رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵای کردە ئامانج."
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە دوو کەس کوژراون و 76 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
نەتەنیاهوو لە گوتارەکەیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکرگرتووەکان گوتی، "ئەم هەفتەیە سوپای ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر مووشەکی حیزبوڵڵای لەنێوبرد کە نزیکەی 30 ساڵە بە پاڵپشتیی دارایی ئێران دروستیان دەکات."
 
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ـی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.