تەندروستیی لوبنان: لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا 2 کەس کوژران و 76ی دیکەش بریندارن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت دوو کەس کوژراون و 76 کەسیش برینداربوون.

رۆژی هەینی 27-09-2024 وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، "لە هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی دوژمنی ئیسرائیلی بۆ سەر گەڕەکی حرەیک لە باشووری بەیرووت، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دوو کەس کوژراون و 76 کەسیش بریندار بوون."

ئەوەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای بۆردوومان کردووە. چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا دەڵێن، 6 باڵەخانە بە تەواوی رووخاون.

دانیێڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشێکی وردیان کردە سەر بارەگای ناوەندیی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان."

میدیای فەرمیی لوبنانیش بڵاویکردەوە، "فڕۆکەکانی دووژمن زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر باشووری بەیرووت."

لە 23ی ئەیلوولەوە بۆردوومانی سەر لوبنان زیادی کردووە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو کاتەوە "لانیکەم 118 هەزار کەس لە لوبنان ئاوارە بوون."

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە