بەرپرسێکی ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ نێو لوبنان کورتخایەن دەبێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی ئیسرائیل دەڵێت، ئەگەر هێزەکانیان بچنە نێو لوبنان، ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی کورتخایەن ئەنجام دەدەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئیسرائیل بە "وردی" هێرشەکانی دەکات و زۆربەی ئەوانەی کوژراون چەکداری حیزبوڵڵا بوون.
 
رۆژی هەینی 27-09-2024 بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانیان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بچنە نێو لوبنان و ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی بکەن؛ گوتیشی، ئەگەر بچنە نێو لوبنان، "ئۆپەراسیۆنێکی کورت مەودا " دەکەن.
 
ئەو بەرپرسە گوتی، "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل بۆسەر حیزبوڵڵا ئەوەیە توانا چەکدارییەکانی حیزبوڵڵا کەمبکرێنەوە و سنووری وڵاتەکە پاکبکرێتەوە."
 
دوای ئەوەی لە 07-10-2023 جەنگی غەززە دەستیپێکرد، بزووتنەوەی حیزبوڵڵا پاڵپشتی خۆی بۆ حەماس راگەیاند و لەو کاتەوە جاروبار بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی سوپای ئیسرائیل. 
 
چەند هەفتەیەکە شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵڵا چڕبووەتەوە و هەزاران کەس لەهەردوو دیوی سنوورەکە دەربەدەر بوون. سەرەتای ئەم مانگە ئیسرائیل رایگەیاند، شەڕی دژی حیزبوڵڵا فراوان دەکات، ئەوەش بۆ ئەو مەبەستەی ئاوارەکانی سنوور بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. چەند وەزیرێکی ئیسرائیلیش داوایان کردووە حیزبوڵڵا بە یەکجاری لە سنووری باشووری لوبنان دووربخرێتەوە.
 
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل گوتیشی، بۆردوومانە چڕەکانی ئەم چەند رۆژەی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا چەندین چەکداری کوشتووە و بەو هۆیەوە ئەو گرووپە "توانای زۆری لەدەستداوە."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر هێرزی هەلێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل باسی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی بۆ لوبنان کرد و ئەو بەرپرسەی ئیسرائیلیش کە ئەمڕۆ قسەی کردووە، گوتویەتی، "هەموو ئەگەرێک لەئارادایە."
 
لە 23ـی ئەیلوولەوە بۆردوومانی سەر لوبنان زۆر بووە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو کاتەوە "لانیکەم 118 هەزار کەس لە لوبنان ئاوارە بوون". 
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.
 
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل لەبارەی دەنگۆی کوژرانی هاووڵاتی سڤیل گوتی، "ئیسرائیل زۆر بە وردی هێرشەکانی ئەنجام دەدات. زۆربەی ئەوانەی کوژراون سەر بە حیزبوڵڵا بوون". ئەو بەرپرسە  سەرکۆنەی حیزبوڵڵای کرد و گوتی، خەڵک وەک قەڵخانی مرۆیی بەکاردەهێنێت و مووشەکی بالیستی لە ماڵی هاووڵاتیان دەشارێتەوە.
 
رۆژی 25-09-2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە دۆخی لوبنان کرد و تێیدا 12 وڵاتی ئەندام لەو ئەنجوومەنە پێشنیازێکی 21 رۆژ ئاگربەستی کاتییان لە لوبنان و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە راگەیاند.
 
راگەیێندراوە هاوبەشەکە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، یەکێتی ئەورووپا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سعودیە، ئیمارات و قەتەرەوە واژۆکرا.
 
دوای رۆژێک، چەند وەزیرێکی ئیسرائیل ئەو پێشنیازەیان رەتکردەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە. 
 
حیزبوڵڵاش رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل بووەستێت، ئەوانیش لە هێرشە مووشەکانیان دەوەستن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە