نەتەنیاهوو: هیچ شوێنێکی ئێران نییە ئیسرائیل دەستی پێنەگات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڕەشەی لە ئێران کرد و گوتی، "دەستمان پێتان دەگات." ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت حەماس نەمێنێت و تاوەکو بەدەستهێنانی ئامانجەکانیشیان بەرامبەر حیزبوڵڵا شەڕ دەکەن.
 
رۆژی هەینی 27-09-2024 بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەگای سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێش کرد. نەتەنیاهوو بە گشتی باسی لە جەنگی نێوان سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ هەریەکە لە بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان کرد.
 
هەردوو بزووتنەوەکە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان لێ دەکرێت. بەرپرسانی باڵای ئێرانیش لەدوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە کۆتایی مانگی تەممووزەوە، هەڕەشەی ئەوە دەکەن لە بەرامبەر کوشتنی هەنییەدا لە تاران، کاردانەوەیان دەبێت.
 
نەتەنیاهوو هۆشداریی دایە ئێران و گوتی، "پەیامێکم بۆ ستەمکارانی تاران هەیە. (پێیان دەڵێم) ئەگەر هێرشمان بکەنە سەر، هێرشتان دەکەینە سەر. هیچ شوێنێکی ئێران نییە کە قۆڵە درێژەکانی ئیسرائیلی پێنەگات، ئەمە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش راستە."
 
چەند کاژێرێک پێش گوتاری نەتەنیاهوو، دەیان خۆپیشاندەر لە دەرەوەی ئەو هۆتێلەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی تێدا دەمایەوە لە نیویۆرک، کۆبوونەوە و داوایان کرد شەڕی غەززە و لوبنان بوەستێت.
 
لەگەڵ دەستپێکی قسەکانی نەتەنیاهوو، چەندین شاند، لەوانەش لوبنان و فەلەستین لە هۆڵەکە چوونە دەرەوە.
 
لە سەرەتای قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "دوای ئەوەی چەندین وڵات لێرە درۆیان لەبارەی وڵاتەکەم کرد و ناویان زڕاند، بڕیام دا بێمە ئێرە و شتەکان راست بکەمەوە."
 
نزیکەی یەک ساڵە جەنگی غەززە بەردەوامە، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە 07-10-2023 هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و دواتر ئیسرائیل بە تووندی وەڵامی دایەوە.
 
نەتەنیاهوو رایگەیاند، حەماس هیچ رۆڵێکی لە دووبارە بنیادنانەوەی غەززە نابێت و ئیسرائیل دژی حەماس شەڕ دەکات تاوەکو "سەرکەوتنی تەواوەتی" بەدەستدەهێنێت؛ گوتیشی، ئەگەر حەماس لە دەسەڵات بمێنێتەوە، دووبارە خۆی رێکدەخاتەوە و هێرش دەکاتەوە سەر ئیسرائیل، بۆیە دەبێت حەماس نەمێنێت.
 
لە رۆژی 23-09-2024ـەوە ئیسرائیل سەرنجی بۆردوومانەکانی لەسەر باشووری لوبنانە، بەڵام شەڕ و پێکدادانی دژی حیزبوڵڵا دوای رۆژێک لە سەرهەڵدانی جەنگی غەززە دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک حیزبوڵڵا پاڵپشتی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و دەستی بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ باکووری ئیسرائیل کرد.
 
نەتەنیاهوو گوتی، ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆسەر لوبنان بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "حیزبوڵڵا رێگەی جەنگی هەڵبژاردووە، کەواتە ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە. ئیسرائیل هەموو مافێکی هەیە بۆ ئەوەی ئەم هەڕەشەیە لەسەر خۆی لابەرێت تاوەکو خەڵکەکە بگەڕێتەوە زێدی خۆی". 
 
نەتەنیاهوو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، "ئێمە ئەم جەنگە دەبەینەوە و داوا لە سوپا و خەڵکی ئیسرائیل دەکەم بەهێز و خۆڕاگر بن."