25 پەرلەمانتاری پێشوو خۆیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان بەربژێرکردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

25 پەرلەمانتاری پێشوو، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێر کردووەتەوە.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی دێسکی هەڵبژاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، 25 پەرلەمانتاری پێشوو خۆیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردووەتەوە کە لەنێو حیزبەکاندا پارتی و یەکێتی زۆرترینن بە پێنج بەربژێر و لە نەتەوەکانیش تورکمان زۆرترینە بە شەش بەربژێر، بزووتنەوەی گۆڕانیش هیچ پەرلەمانتارێکی خولەکانی پێشووی بەربژێر نەکردووەتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، 27.09.2024، هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکگرتوو یەک پەرلەمانتاری پێشووی بەربژێر کردووەتەوە، پێش پێشکێشکردنی لیستەکەی بە کۆمیسیۆن، داوای لە چەند پەرلەمانتارێکی پێشووی خۆی کرد خۆیان بەربژێر بکەنەوە، بەڵام رازی نەبوون، چونکە ئارەزوومەندانە بوو.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، گەورەترین فراکسیۆن بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کە 45 کورسی هەبوو. بۆ خولی شەشەمیش زۆرترین بەربژێری هەیە، لەنێویاندا پێنج پەرلەمانتاری خولەکانی پێشوو هەن. 
 
- شوان شێخ ئەحمەد، پەرلەمانتاری خولی چوارەم
- ڤالا فەرید، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- گەلاوێژ عوبێد عوسمان، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- بژار خالید کۆچەر، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- بەهجەت عەلی سپینداری، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، دووەمین فراکسیۆنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو کە 21 کورسی هەبوو، بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان، پێنج پەرلەمانتاری پێشووی ئەو حیزبە خۆیان بەربژێر کردووەتەوە.
 
- شه‌مۆڵ ئاشتی سابیر، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- لوقمان حەمەد وەردی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- شیرین یونس عەبدوڵلا، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- رۆژان محەممەد کەریم، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
 
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کورسییەکانی کۆتا لە 11ـەوە بۆ پێنج کەمکرانەوە. بۆ یەکەمجار پێنج کورسی کۆتا دابەش دەبێ بەسەر سێ پارێزگادا، کەمکردنەوە و دابەشکردنەوەی نەخشەی کورسییەکان، تەرخانکردنی کورسی بۆ کریستیان و تورکمان لە پارێزگای سلێمانی، نەمانی کورسیی ئەرمەنەکان، کرۆکی جیاوازییەکانن.
 
کریستیان لە  هەر یەکێک لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک کورسییەکیان  دەبێت. تورکمان لە بازنەکانی هەولێر و سلێمانی کورسییەکیان دەبێت.
 
نەتەوەی تورکمان پێنج پەرلەمانتاری خولەکانی پێشووی بەربژێر کردووەتەوە
 
- مونا نەبی قاوەچی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- ئایدن مەعرووف، پەرلەمانتاری خولەکانی چوارەم و پێنجەم
- ئازاد کورەچی، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- هیمداد سەباح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- ئازاد ئەکرەم، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
- هیمداد سەباح، پەرلەمانتاری خولی پێنجەم
 
ئەو فراکسیۆنانەی کە پەرلەمانتاریان بەربژێر کردووەتەوە
 
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 4 پەرلەمانتاری پێشووی بەربژێر کردووەتەوە
- کریستیانەکان: دوو پەرلەمانتاری پێشوویان بەربژێر کردووەتەوە
- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: پەرلەمانتارێکی پێشووی بەربژێر کردووەتەوە
- بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: پەرلەمانتارێکی پێشووی بەربژێر کردووەتەوە
- لیستی هەڵوێستی نیشتمانی: پەرلەمانتارێکی پێشووی بەربژێر کردووەتەوە (لە خولی پێنجەم پەرلەمانتاری گۆڕان بووە و دواتر جیابووەتەوە)
- لیستی سەردەم: پەرلەمانتارێکی پێشووی بەربژێر کردووەتەوە
- بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ پەرلەمانتارێکی پێشووی بەربژێر نەکردووەتەوە