نەتەنیاهوو نەخشەی عێراق، سووریا و ئێران بە "نەخشەی نەفرەت" ناو دەبات

15 خولەک له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەیەکی بەرزکردەوە کە تێیدا عێراق، سووریا و ئێران رەشکرابوون و بە "هیلالی تاریکی ئێران و هاوپەیمانەکانی" ناوی برد.
 
رۆژی هەینی 27ی ئەیلوولی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا نەتەنیاهوو دوو نەخشەی بە ئامادەبووان نیشاندا؛ لە نەخشەی یەکەمدا باسی لە ناوچەیەک کرد لە دەریای نێوەڕاستەوە تاوەکو ئەورووپا درێژ دەبێتەوە و بە 'نەخشەی رەحمەت' ناویبرد و گوتی، ئیسرائیل هۆکاری ئەوەیە سەقامگیر بێت.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو نەخشەیەی ئیسرائیل تاوەکو ئەورووپا دروستیکردووە، بۆریی نەوت و کێبڵی فایبەر ئۆپتیکی پێدا تێدەپەڕێت و سوودی بۆ نزیکەی دوو ملیار کەس دەبێت."
 
لە نەخشەی دووەمدا کە نەتەنیاهوو بە نەخشەی "نەفرەت" ناویبرد، هەریەکە لە عێراق، سووریا و ئێران بە رەنگی رەش دیاریکرابوون.
 
نەتەنیاهوو لەبارەی نەخشەکەوە گوتی، "ئەو نەخشەیە نەخشەی تیرۆرە و ئێران دروستی کردووە، کەوانە شێرپەنجەییەکەی ئێران (مەبەست لێی هەر سێ وڵاتەکە بوو) رێڕەوە ئاوییەکانی داخستووە و هەڕەشە لە ملیۆنان کەس دەکات."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "نەخشەی نەفرەت" تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکو "هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، ئێران و ئیسرائیل خۆیان بە دووژمنی سەرەکیی یەکدی ناودەبەن. ژمارەیەک گرووپی چەکداریش لە عێراق هەن کە زۆر لە ئێرانەوە نزیکن و تاران پاڵپشتییان دەکات. لە هەمان کاتدا، هێزەکانی نزیک لە ئێران لەنێو سووریاشدا هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە