بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل: حەسەن نەسروڵڵا کوژراوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشەکەی ئەمڕۆ هەینی بۆسەر بەیرووتدا کوژراوە؛ بەڵام چەند بەرپرسێکی حیزبوڵڵا باس لەوە دەکەن، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەی ئەمڕۆدا نە حەسەن نەسروڵڵا کوژراوە و نە هیچ فەرماندەیەکی دیکەی ئەو گرووپە چەکدارییە.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە، هەڵسەنگاندنەکان لە ئیسرائیل بەو جۆرەن کە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە هێرشەکەی رۆژی هەینیی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆسەر باشووری بەیرووت کوژراوە.

هاوکات کەناڵی 13ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، "گەشبینییەک لە ئیسرائیل هەیە" کە هێرشەکەی سەر بەیرووت بە ئامانجی "کوشتنی نەسروڵڵا سەرکەوتوو" بووە.

رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلیش دەڵێت، هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان بەو جۆرەن کە حەسەن نەسروڵڵا بریندار بووە.

هەرچی دەستەی پەخشی ئیسرائیلە باس لەوە دەکات، تاوەکو ئێستا چارەنووسی حەسەن نەسروڵڵا دیار نییە و نازانرێت کە لە کاتی بۆردوومانەکەدا لەو شوێنە بووە کە کراوەتە ئامانج یان نا.

بەڵام بەرپرسێکی حیزبوڵڵا ئەو هەواڵانەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس رەتکردەوە و گوتی، حەسەن نەسروڵڵا "سەلامەتە."

بەرپرسێکی دیکەی حیزبوڵڵا بە میدیای ئێرانی گوت، نە حەسەن نەسروڵڵا لەو بۆردوومانەدا کوژراوە و نە هیچ بەرپرسێکی دیکەی حیزبوڵڵا.

بۆردوومانەکە باشووری بەیرووتی گرتەوە و لە ئەنجامدا 6 باڵەخانە رووخان. وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا 2 کەس کوژراون و 76 کەسی دیکە برینداربوون.

رادیۆی سەربازیی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بۆردوومانەکە لە رێگەی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35ەوە ئەنجام دراوە.
 
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل بارەگای سەرەکیی  رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵای کردە ئامانج."

شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ـی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە. بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، هەر لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون و زۆربەیان سڤیلن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە