ئیسرائیل بارمتەیەکی عەرەبی لە کەرتی غەززە ئازادکرد

27-08-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بارمتەیەکی عەرەبی دەوارنشینی ئازادکردووە کە زیاتر لە 10 مانگ بوو لای چەکدارانی حەماس بارمتە بوو.
 
رۆژی سێشەممە، 27ی ئابی 2024، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، فەرحان قازی، تەمەن 52 ساڵی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە باشووری کەرتی غەززە ئازاد کردووە.
 
سوپای ئیسرائیل وردەکاری چۆنێتی ئازادکردنی ئەو بارمتەیەی بڵاونەکردوەتەوە و دەڵێت، "بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی بارمتەکانی دیکە و هێزەکانمان، ناتوانرێت زانیاری زیاتر بڵاوبکرێتەوە."
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، باری تەندروستیی فەرحان جێگیرە و ئێستاش لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و، خێزانەکەیشی لەلایەن سوپاوە ئاگادارکراوەتەوە. 
 
دوای ئازادکردنی ئەو بارمتەیە، یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو دەستکەوتە وا دەکات سوپا لە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکەی نزیکتر بێتەوە.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان."
 
فەرحان خەڵکی شاری رەهتە لە باشووری ئیسرائیل و رۆژی هێرشەکەی چەکدارانی حەماس بۆ سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە لە کارگەیەک پاسەوان بوو.
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا لانیکەم 253 کەس وەک بارمتە لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە گیران. لەکاتی ئاگربەستەکەی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا 105 کەسیان ئازادکران. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، نزیکەی 40 لەوانەی لە کەرتی غەززە بوون کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە