سوودانی سەردانی میسر و تونس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەریەک لە میسر و تونس دەکات و لە سەردانەکەیدا شاندێکی باڵای عێراق هاوەڵیی دەکات.
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئابی 2024 بڵاویکردەوە: "سەرۆکوەزیران سەردانێکی فەرمیی دەستپێکرد کە هەریەک لە کۆماری عەرەبیی میسر و کۆماری تونس دەگرێتەوە."
جگە لە هەواڵی سەردانەکە، نووسینگەکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو شاندێکی باڵای وەزیران و بەرپرسانی بەشێک لە دامەزراوەکان لە سەردانەکەیدا، لەوانە لە وەزارەتەکانی دەرەوە، نەوت، بازرگانی، کارەبا، ئاوەدانکردنەوە، نیشتەجێکردن و پلاندانان، یاوەریی سەرۆکوەزیران دەکەن.
بڕیارە لە سەردانەیەکدا بۆ میسر، محەممەد شیاع سوودانی، چاوی بە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بکەوێت و ژمارەیەک دۆسییەی دوو قۆڵی و پەیوەندییەکانی هەردوولا، دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاوتوێ بکەن، دۆخی غەززە و شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسیش لە تەوەرەکانی گفتوگۆ دەبێت.
کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ سیسی پێش سەردانی ئەمەی دواییە بۆ تورکیا کە بڕیارە 4ـی ئەیلوول بیکات.