رووداو دیجیتاڵ
هەزاران ئەفغانی لەبەردەم نووسینگەی پاسپۆرتی شاری هەرات لە رۆژئاوای ئەفغانستان نۆرەیان گرتووە، چاوەڕوانی بەدەستهێنانی پاسپۆرتی وڵاتەکەیانن و خەونی سەرەکیشیان جێهێشتنییەتی.
ئەو قەرەباڵخیە لەدوای ئەوە دێت کە بزووتنەوەی تاڵیبانی دەسەڵاتدار رایگەیاند، ژمارەی پاسپۆرتەکان زیاتر دەکەن و لەمەودوا رۆژانە هەزار پاسپۆرت چاپدەکەن، هەنگاوێک کە ئومێدێکی نوێی بە ئەفغانییەکان بەخشیوە.
خەلیل ئەحمەد، دانیشتووتی هەراتە و دەڵێت، "پار لە کابوڵ داوام پێشکێشکرد، بەڵام پێمنەدرا. زۆر چاوەڕێم کرد و خەڵکێکی زۆری لێبوو، ساڵێکە چاوەڕێین، ئەمڕۆش لە بەیانی زووەوە هاتووین لەگەڵ ئەم هەموو خەڵکە ژمارەیان پێنج بۆ 10 هەزار دەبێت، بەڵام کەس گوێمان لێناگرێت."
سەرفراز، دانیشتوویەکی دیکەی هەراتە، دەڵێت: "هیچ نەبێت با فۆرمەکەمان لێوەربگرن و مۆرێکی لێبدەن و رۆژێکمان بۆ دیاریی بکەن، تاوەکو ئەو قەرەباڵخییە زۆرە نەمێنێت. خەڵکێکی زۆر لێرەیە، بەڵام کەس وەڵاممان ناداتەوە. ئێمە بەهۆی ئەم دۆخە خراپە وڵات بەجێدەهێڵین، دەبێت حکومەت هەندێک بیرمان لێبکاتەوە."
بەگوێرەی نوێترین پۆلێنکاریی کۆمپانیای هێنلی بەریتانی بۆ دیاریکردنی باشترین و خراپترین پاسپۆرتی جیهانی، ئەمساڵ پاسپۆرتی ئەفغانستان بە خراپترین پاسپۆرتی جیهان دیاریکرا. ئەفغانەکان دەتوانن بێ ڤیزا تەنیا گەشت بۆ 27 وڵات بکەن.
محەممەد حوسێن رەحیمی، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی پاسپۆرتی هەراتە و دەڵێت، "لەمەوپێش 150 بۆ 200 پاسپۆرت دەردەچوون، بەڵام لەدوای سەردانی وەزیر و بینینی ئەو خەڵکە زۆرە کە پێویستیان بە پاسپۆرتە، فەرمانی دەرکرد ژمارەی رۆژانە زیاد بکەین و ئەمڕۆ هەزار دەردەکەین و سبەیشی لە هەزار تێیدەپەڕێنین."
دوو ساڵ بەسەر گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵاتی ئەفغانستان تێپەڕیوە، زیاتر لە 28 ملیۆن ئەفغانی پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی و پاراستن هەیە، لەو ماوەیەشدا زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار ئەفغانی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ