داعش و حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای سووریا ئاگربەستیان راگەیاند

رووداو - دیمەشق

بەربەیانی رۆژی یەکشەممە 27-8-2017، بە پشتبەستن بە رێککەوتنێک لە ناوچەی قەلەموون ئاگربەست لەنێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و حکومەتی سووریا و داعش راگەیێندرا. مەبەست لە ئاگربەستەکە دۆزینەوەی نۆ سەربازی لوبنانییە کە دەگوترێت لەدەست داعشدان.

ئاگربەستەکە لە بەرزاییەکانی قەلەموونی باشوور لە باشووری رۆژائاوای سووریا و رۆژهەڵاتی لوبنانەوە راگەیێندراوە، حیزبوڵڵای لوبنانیش بۆ دەستکەوتنی سۆراخی سەربازە لوبنانییەکان چووە نێو خاکی سووریا.

هاوکات لە بەرەکانی دیکەوە شەڕێکی قورس لەنێوان چەکدارانی داعش و سووپای سووریا و حیزبوڵڵای لوبنانی دەگوزەرا، بەڵام بەهۆی رێککەوتنەکەوە شەڕەکە وەستێندرا.

بەپێی رێککەوتنەکە دوای خۆی رادەستکردنیان بە سوپای سووریا، چەکدارانی داعش رەوانەی دێرزوور دەکرێن. هەر بەپێی رێککەوتنەکە داعش سەربازە لوبنانییەکان ئازاد دەکات.

داعش ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر سنوورەکانی لوبنان لە باشووری رۆژئاوای سووریا و دەستی بەسەر ژمارەیەک شار و شارۆچکەدا گرت، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر حیزبوڵڵای لوبنانی و سوپای سووریا لە ناوچەی عەرسال سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر داعشدا راگەیاند و ئێستا بەشێکی کەمی لەدەست ئەو رێکخراوەدا ماوە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح