بەرگریی سووریا: بەهۆی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئیسرائیل دوو کەس کوژران

27-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر دەوروبەری دیمەشق و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و سەربازێکیش بریندار بووە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سووریا، هێرشەکەی ئیسرائیل لە کاژێر 11:40ـی شەوی 26ـی حوزەیرانی 2024، لە ئاراستەی جۆلانەوە بووە بۆ سەر دەوروبەری دیمەشق، ژمارەیەک خاڵی لە ناوچەی باشوور کردووەتە ئامانج.
 
هەرچەندە وەزارەتی وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاندووە، لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپرچی هێرشەکەیان داوەتەوە، بەڵام: "هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی سەربازێک، جگە لە زیانی دارایی."
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج دامەزراوەی "جیهادی بیناء"ە، دامەزراوەیەکی بونیادنانی سەر بە ئێرانییەکان و حیزبوڵڵای لوبنانییە، لە نزیک مەزاری سەیدە زەینەب.
 
بەپێی روانگەی سووری، هێرشەکەی ئیسرائیل سێ کوژراوی لێکەوتووەتەوە، یەکێکیان ئافرەتێکە، دووانەکەی دیکەش لەو دامەزراوەیەن، بەڵام دیارنییە پاسەوانی دامەزراوەکە بوون، یان بەرپرسی دیارن. جگە لەوەش ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی ئەو دامەزراوەیە لەو هێرشەدا تێکشکاون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە