ملیۆنان حاجی لە کێوی عەرەفەن؛ لە 40 پلەی سیلیزیدا فەریزەی حەج بەجێدەهێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

ملیۆنان حاجی لە هەموو تەمەنێك روویان کردووەتە چیای عەرەفە بۆ بەجێگەیاندنی پێنجەمین ئەرکی حەج؛ لەدوای ئەوەش، پێنج ئەرکی دیکەیان دەمێنێت کە دوایینیان تەوافی ماڵئاواییە. ئەو هەموو ئەرکە قورسانەش لە ماوەی 10 رۆژدا دەکرێن، بەجێگەیاندنیان پێویستی بە کەرەستەیە؛ لە سەرووی هەموویانەوە جانتای شان.
 
عەلی بن موسا، حاجیی رووسیا دەڵێت، "ئەگەر کیسەیەک یان جانتایەکی قورسم پێبێت، ناتوانم هەندێک کار بکەم، بۆیە من ئەم جانتا سووکەم هەیە و بە دڵی خۆم دەجووڵێمەوە."
 
حەجی ئەمساڵ کەوتە سەرەتای هاوین؛ گەرما بە رۆژ گەیشتووەتە سەرووی 40 پلەی سیلیزی، بۆیە هەموو جۆرە کڵاوێک لە سەری خەڵکدا دەبینیت. کڵاوی نەیجەیی و ئیسلامی، مۆدێلی کاوبۆیی وڵاتانی رۆژئاوا، کڵاوی چەتری، سپی و هەمەڕەنگە، جامانەی عومانی و هەندێک ئاسیاییش بەڕەی ژێریان دەکەنە چەتری سەریان.
 
هەندێک لە حاجییان بە پانکەیەکی بچووک خۆیان فێنک دەکەنەوە. جانتای بچووک بۆ هەڵگرتنی تەسبیح و پێداویستیی دیکە، بۆ حاجییان گرنگە، موونی مەعلوف، حاجیی جەزائیری دەڵێت، "بەرماڵ، تەسبیح و قورئان لەو جانتایە هەڵدەگرم."
 
بەشێک لە حاجییان کورسیی سەفەری بۆ دانیشتن و ئیسراحەتکردن و پێداویستیی دیکە پێیە.
 
ئومەیمە حافیز، حاجیی میسری ئاماژە بەوە دەکات، "بوتڵی ئاو، کلینێکس، پاکژکەرەوە، پەڕۆیەکیش بۆ سڕینەوەی دەموچاو بەکاردەهێنم، بەرماڵیشم پێیە، خودای گەورە هەموو شتێکی بۆ ئاسان کردووین."
 
بە درێژایی 10 رۆژی حەج، حاجییان بە پێ لانیکەم 40 کیلۆمەتر دووجا دێن و دەڕۆن بەسەر زەوییەک کە بە سیستمی تایبەت سارد کراوە، بۆیە پێڵاوی باش و گۆرەویی گونجاو، دوو پێداویستیی سەرەکیی حاجیانن.