رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) راپۆرتێکی دەربارەی دۆخی مرۆیی لە یەمەن بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بە "ئەشکەنجەدان، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و دەربەدەرکردنی زۆرەملێی خەڵک و رۆژنامەنووس و چالاکڤان" لەژێر سێبەری حوکمڕانیی حوسییەکان دەکات و دەڵێت تەنانەت کەمینە ئاینییەکانیشیان کردوونەتە ئامانج لەوانە بەهاییەکان.
راپۆرتەکە دەڵێت لە 2015ەوە لەوەتەی حوسییەکان دەسەڵاتیان لە بەشێکی وڵاتەکە گرتووەتە دەست: "سەدان کەسیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەستگیرکردووە، خەڵکیان خستووەتە زیندانی دوورەدەست. خەڵکیان ئەشکەنجە داوە و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کردوون، خەڵکیان رفاندووە و نادادپەروەرانە دادگاییانکردوون، سزای لە سێدارەدانیشیان وەکو ئامرازێک بۆ بێدەنگکردن و هەڵکوتانە سەر ئەوانە بەکارهێناوە، کە پێیانوایە رەخنەگرن و دژیانن".
لە ئۆکتۆبەری 2020 چەکدارانی حوسی و حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن رێککەوتن لەژێڕ چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی، دیلەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، لە ئەنجامی رێککەوتنەکە 1051 زیندانی ئازادکران، کە زۆربەیان چەکداربوون. ئەو پرۆسەیە ژمارەیەکی کەمی خەڵکی سڤیلی گرتەوە، کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لەسەر دەربڕینی ناڕەزایی بەشێوەیەکی ئاشتیانە دەستگیرکراون.
لە راپۆرتەکەدا چاوپێکەوتن لەگەڵ 12 کەس کراوە، کە بەهایین و پێشتر زیندانیکرابوون، ئەو 12 کەسە لە ئەنجامی رێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئازادکراون.
12 زیندانییەکە بەسەر چەند گرتووخانەیەکی فەرمی و نافەرمی دابەشکرابوون، کە سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوان، نووسینگەی ئەمنی سیاسی، ئەمنی نیشتیمانین، چیرۆکی دۆخی نێو گرتووخانەکان دەگێڕنەوە.
هەریەک لەو زیندانیکراوانە شایەتی لەسەر دۆخی نێو گرتووخانەکان دەدەن و دەڵێن زیندانییەکان دوای دەستگیرکردنی هەڕەمەکی ئەشکەنجەدراون، مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کراوە، لە شوێنی نادیار زیندانی کراون، لە کاتی لێپێچینەوە ئەشکەنجەدراون. 10 لەو 12 کەسەی چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، دەڵێن دوای دوو ساڵ لە زیندانیکردنیان ئینجا براونەتە بەردەم دادوەر.
بەگوێرەی راپۆرتەکە: "خەڵک براونەتە بەردەم دادگای تاوانی سەنعا لە تایبەتکراوە بەو کەسانەی لەسەر بنەمای تیرۆر و بەتۆمەتی هەڵبەستراو وەکو سیخوڕیکردن دادگایی دەکرێن، کە بەگوێرەی یاسای یەمەنی سزاکەی لە سێدارەدانە".
ئەمنستیی ئینتەرناشناڵ دەڵێت ئەم کەسانە بە رێوشوێنی جیددی پڕ کەموکوڕی تێپەڕێندراون و نادادپەروەرانە دادگاییکراون، بۆشیان نەبووە تانە لە بڕیاری داگا بدەن و نەشیانتوانیوە پارێزەر بۆ خۆیان بگرن.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ئاماژە بە پێشێلکاریێکی دیکەی مرۆیی لەلایەن حوسییەکانی یەمەن دەکات، دەڵێت خەڵكیان لە ژووری قەرەباڵغ زیندانی کردووە، زۆربەیان رێگەیان پێنەدراوە بۆ وەرگرتنی هەوایەکی پاک یاخود بۆ بینینی خۆر بچنە دەرەوە. هەندێکیان بۆ ماوەی 20 رۆژ لە ژووری تاکەکەسی دانراون، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای خواردنی زیاتریان کردووە یاخود مانیان گرتووە.
شەڕی یەمەن لە 2014ەوە دەستیپێکردووە، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 130 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
زیاتر لە 24 ملیۆن خەڵک، کە دەکاتە نزیکەی 80٪ی ژمارەی دانیشتووانی یەمەن پێویستیان بە یارمەتی مرۆییە.50٪ی خەڵکی یەمەن دووچاری برسیێتی بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ