شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس زیانی گەورەی بە ژێرخانی غەززە گەیاندووە

27-05-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
دوای خاپووربوونی شوێنی کارەکەی، سەرتاشێک، لەنێو داروپەردووی غەززە قژی خەڵک دەتاشێت
دوای خاپووربوونی شوێنی کارەکەی، سەرتاشێک، لەنێو داروپەردووی غەززە قژی خەڵک دەتاشێت
نیشانەکردن غەززە بۆردوومانی ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ هەفتە لەمەوبەر دووکانی سەرتاشێکی غەززە بازاڕی گەرم بوو، بەڵام دواتر لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیل تەختی زەوی بوو. هیشامی سەرتاش کورسی، ئاوێنە، مەقەست و مەکینەی لەسەر داروپەردووی دووکانەکەی بەدەستەوە دەگرێت و لەبەر خۆرەتاو قژی خەڵک دەتاشێت.
 
غەززەییەکان لە چاوەڕوانیی هاوکاریی مرۆیی نێودەوڵەتیدا سەرقاڵی دەستپێکردنەوەی ژیانن، دوای ئەوەی شەڕێکی 11 رۆژە بەرۆکی گرتن و 253 کەسی لە فەلەستین کوشت.
 
هاشم جاروشە، سەرتاشی دانیشتووی کەرتی غەززەیە و دەڵێت "تەنیا بە کورسی و مەکینە و ئاوێنەیەک ویستم لە کارکردن بەردەوام بم، وردە وردە ژیانی خۆم دەست پێبکەمەوە تاوەکو ئەم شوێنە وەکو جاران لێدەکەمەوە یان جوانتری بکەم. بە ویستی خودا، بەردەوام دەبم".
 
لە دەروازەی سنووریی کەڕەم شالۆمە، رەفح، دەیان بارهەڵگر یارمەتیی مرۆیی وەکو خۆراک و دەرمان و سووتەمەنییان بارکردووە و دەیگەیێننە فەلەستین.
 
ئیسرائیل کە 12 کەسی لە ئەنجامی چوار هەزار مووشەکەکەی گرووپە چەکدارەکانی كەرتی غەززەوە لێ کوژرا، دەرگای گەیشتنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکانی بەسەر غەززە کردەوە. قەتەر بڕیاریداوە 500 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی کەرتی غەززە دابین بکات.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە چارەسەری کێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە؛ بلینکن لە عەممانی پایتەختی ئوردنەوە یارمەتییەکانی واشنتنی بۆ کەرتی رۆژئاوا و غەززە خستەڕوو.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە پرۆسەی دابینکردنی زیاتر لە 360 ملیۆن دۆلار هاوکاریی مرۆییدایە بۆ خەڵکی فەلەستین؛ ئەمە 40 ملیۆن دۆلار هاوکاریی نوێش لەخۆدەگرێت، "هەمووی تەرخانکراوە بۆ پاڵپشتیکردنی دۆخی مرۆیی لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە. لە هاوکارییە نوێیەکان زیاتر لە 33 ملیۆن دۆلار دەدرێت بە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاوارەکان لە کەرتی رۆژئاوا و غەززە و پێنج ملیۆن و نیویش دەدرێتە هاوبەشە مرۆییەکانی دیکەمان. جگە لەوە، بە کارکردن لەگەڵ کۆنگرێس، ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی سەر بە وەزارەتی دەرەوە بەنیازە 75 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتی بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی ئابووری لە ئەمساڵدا دابین بکات، کە ئەوەش دەتوانێت ببێتە هاوکار بۆ هەوڵە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی کەرتی رۆژئاوا و غەززە".
 
بە گوتەی بەرپرسانی فەلەستینی، لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیلی، غەززە بە قەبارەی 150 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، 2000 خانوو رووخاون، 53 دامەزراوەی پەروەردەیی، شەش نەخۆشخانە، 11 بنکەی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە، 800 هەزار فەلەستینی کێشەی بێ ئاوییان هەیە و 91 هەزار کەس ئاوارەبوون.
 
ئەو گەمارۆ تووندەی لە ساڵی 2007ـەوە بەسەر کەرتی غەززەدا سەپێندراوە و تاوەکو ئێستاش هەمیشەیی هەڵنەگیراوە بە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی غەززە دادەندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە