کەشتییە جەنگییەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئاوی کەنداو رووبەڕووی یەکدی بوونەوە


رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەم جار دوای زیاتر لە ساڵێک کەشتییەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئاوی کەنداو رووبەڕووی یەکدی وەستانەوە، ئەوەش دەبێتە نوێترین زنجیرەی ناکۆکی و کێشەکان لە ناوچە ئاوییەکاندا و بەتایبەت دوای هێرشی ئەم دواییەی سەر کەشتییەکان.
 
هێزی دەریایی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک زانیاری ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییەکی ئێرانی رووبەڕوویان وەستاونەتەوە، کەشتییەکی سوپای پاسداران رێگەی لە کەشتییەکی دیکەی ئەمریکی گرتووە، بەوهۆیەشەوە کەشتییە ئەمریکیەکە بە ناچاری لە کەناراوەکان لەنگەری گرتووە.
 
ریبیکا راباریک، گوتەبێژی فیرقەی پێنجی هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، "هەر ئەو کەشتیانەی سوپای پاسدارانی ئێران رێگەیان لە کەشتی رانگلیش گرتووە لە ئاوی کەنداو." 
 
ئەو رووداوە هەر چەندەن 2ـی مانگ روویداوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا زانیاریی ئاشکرا کردووە، ئێرانیش هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمریکاش بڵاویکردوونەتەوە، رووداوەکە هیچ زیانێکی نەبووە.
 
هێزی دەریایی ئەمریکا دەڵێت، "ستافی کەشتییە جەنگییەکەی ئەمریکا چەند جارێک زەنگی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کەشتیە ئێرانییەکە لێداوە، بەڵام گوێ بە زەنگەکانیان نەدراوە و کەشتی ئێران مامەڵەی نادروستیان کردووە لەو ناوچە ئاوییەدا، بەڵام دواتر دوای سێ کاژێر رێگری لە کەشتییە ئەمریکییەکان، کەشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رێگەی تێپەڕبوونی کەشتییە ئەمریکییەکانیان کردووەتەوە."
 
رووداوەکە لەکاتێکدا بووە، کە ئەمریکا و ئێران هەوڵەکانیان بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 دەستپێکردووەتەوە کە دواتر ترەمپ ئەمریکای لە رێککەوتنەکە بردە دەرەوە.