بەرپرسێکی هەواڵگری: ئەبوبەکر بەغدادی چاوی لەگەڕانەوەیە بۆ عێراق
رووداو - هەولێر
بەرپرسێکی هەواڵگری عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی زۆربەی کەسە نزیکەکانی لە شەڕ و بۆردوومانەکاندا کوژران، ئێستا ئەبوبەکر بەغدادی چاوی لەوەیە بگەڕێتەوە عێراق.
بەرپرسە هەواڵگرییەکەی عێراق بە میدیای رووسیای راگەیاندووە، چەند هەفتەیەکە بەغدادی دەیەوێت بگەڕێتەوە عێراق، بەڵام بەهۆی رێوشوێنی تووند لەسەر سنووری عێراق و سووریا نەیتوانیووە ئەو کارە بکات.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە، بەغدادی ئێستا لە شاری تەدمووری سووریایە و ئەوانەیشی کە لەگەڵیدان زۆربەیان سعوودی و تونسی و عێراقین.
لە 2014دا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق، بەغدادی خەلافەتی داعشی راگەیاند.
ئەمریکا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک تەرخانکردووە کە شوێنی راستەقینەی بەغدادی ئاشکرا بکات یان بیکوژێت.