لوبنان: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 6 کەس کوژران

27-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لوبنان رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی 6 کەس لە باشووری وڵاتەکە، ئیسرائیلیش رایگەیاند، بنکەکانی چەکدارانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی پێنجشەممە 27-03-2025 وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند: "دوو کەس لە هێرشێکی دووژمنکارانەدا لە گوندی بەرعشیت سەر بە ناوچەی نەبەتیە کوژراون."
 
پێش ئەو راگەیێنراوە، میدیای فەرمیی لوبنان رایگەیاند: "هێرشێکی دووژمنکارانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی یەحمور ئەلشەقیف لە باشووری لوبنان، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سێ کەس."
 
میدیای فەرمیی رایگەیاند، درۆنێک ئۆتۆمبێلێکی لە نزیک شارۆچکەکە کردووەتە ئامانج، دوای ئەوەش تۆپبارانی ناوچەکە کراوە.
 
لە راگەیێنراوێکی دیکەدا، میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، لە هێرشی درۆنیی ئیسرائیل بۆ ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی مەعروب لە باشووری لوبنان، کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
 
ئەو هێرشانە نوێترین زنجیرە هێرشی ئیسرائیل بوون بۆ سەر باشووری لوبنان، ئەمەش سەرەڕای ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، کە دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕ و پێکدادان، ئیسرائیل وحیزبوڵڵای لوبنان، رێککەوتن. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "چەند تیرۆریستێکی حیزبوڵڵا دەستنیشان کراون کە لە ناوچەی یەحموری باشووری لوبنان چەک دەگوازنەوە"، هەروەها رایگەیاند سوپا "تیرۆریستەکانی کردووەتە ئامانج."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانی "فەرماندەیەکی کەتیبەی لە هێزی رەزوانی تایبەتی حیزبوڵڵا لە ناوچەی دەردغایا لە نزیک مەعروب کوشتووە."
 
ئیسرائیل ئەو فەرماندەیەی بەوە تۆمەتبارکرد، " لە کاتی جەنگدا بەشداری لە پلاندانان و کردنی چەندین هێرشی تیرۆریستی دژی هاووڵاتییانی سڤیل و سەربازانی ئیسرائیل کردووە."
 
لە دوای ئاگربەستی 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی لوبنان بەردەوام بووە و هێرشی کردووەتە سەر "ئامانجەکانی حیزبوڵڵا."
 
لە دوای ئاگربەستەکەوە لە کۆتایی هەفتەی رابردوو، بەرزترین ئاستی گرژییەکان تۆمارکرا، ئەمەش دوای ئەوەی زنجیرە هێرشێکی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی 8 کەس لە باشوور.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل وەڵامێک بوو بۆ ئەو مووشەکبارانکردنەی، کە یەکەمجار بوو لە دوای ئاگربەستەوە خاکی ئیسرائیل بپێکێت.
 
هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لەبارەی مووشەکبارانکردنەکە رانەگەیاندووە، کە بەپێی سەرچاوەیەکی سەربازی، لە باکووری رووباری لیتانی، لە نێوان گوندەکانی کفار تەبنیت و عەرنونەوە ئەنجام دراوە.
 
حیزبوڵڵا کە بەهۆی جەنگەوە زۆر لاواز بووە، بەشداریی خۆی لەو هێرشەدا رەتکردەوە.
 
بەپێی ئاگربەستەکە، دەبوو حیزبوڵڵا هێزەکانی خۆی بۆ باکووری رووباری لیتانی بکشێنێتەوە، کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە، هەروەها دەبوو هەموو ژێرخانێکی سەربازیی لە باشووردا لەنێو ببات.
 
لەلایەکی دیکەشەوە، دەبوو ئیسرائیل هێزەکانی خۆی بە درێژایی هێڵی شینی دیاریکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکشێنێتەوە، بەڵام هێشتا پێنج پێگەی لە باشووری لوبنان هەیە کە بە ستراتیژییان دادەنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە