رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی میسر رایگەیاند، شاندێکی ئەمنیی میسری بۆ گفتوگۆکردن بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ئاگربەست و رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، سەردانی دەوحەیان کردووە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی میسر کە رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئادار بڵاویکردەوە، ئامانجی شاندەکە "دڵنیابوونەوە بووە لە ئازادکردنی زیندانییان و بارمتەکان، ئەمەش وەک بەشێک لە قۆناخێکی گواستنەوە" کە هیوادارن رێخۆشکەر بێت بۆ کۆتایی هێنانی یەکجارەکیی جەنگ.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار بوو گفتوگۆ لەبارەی "چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە بکەن، وەکو ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوە بۆ قۆناخی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی."
گفتوگۆکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل، کە لەلایەن میسرەوە لەگەڵ قەتەر و ئەمریکا نێوەندگیرییان بۆ دەکرێت، چەندین هەفتەیە لە بنبەستدایە، ئەمەش بەهۆی کۆتایی هاتنی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست، کە لە 19ـی کانوونی دووەم تاوەکو سەرەتای مانگی ئاداری خایاند.
گفتوگۆکانی دەوحە یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە غەززەی کرد، ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، لەکاتێکدا ئەو گرووپە چەکدارە هۆشداریدا ئەگەر ئیسرائیل بۆردوومانی ناوچە فەلەستینییەکە رانەگرێت، ئەوان "لەناو تابووت"ـدا دەگەڕێنەوە.
ئیسرائیل بەرەبەیانی 18ـی ئەم مانگە دەستی بە بۆردوومان کردەوە و ئاگربەستی شکاند. بەپێی تەندروستیی کەرتەکەش، لەو کاتەوە، 855 کەس کوژراون.
دوێنێ چوارشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ماوەی تەنیا حەوت رۆژدا 142 هەزار کەسی ئاوارە کردووە.
لەو 251 بارمتەیەی کە لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـی حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل رفێنران، هێشتا 58 کەسیان لە غەززە ماون، لەنێویاندا سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34 کەسیان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ