برایەکی سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن لە هێرشی ئەمریکادا کوژرا

27-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی سەربازیی حووسییەکان رایدەگەیێنێت، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن، برایەکی عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن کوژراوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئاداری 2025، وەزاح دوبەیش، گوتەبێژی هێزە هاوبەشەکانی یەمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، عەبدولخالق بەدرەدین، برای عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکانی یەمەن لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکادا کوژراوە.
 
گوتەبێژی هێزە هاوبەشەکانی یەمەن ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکەی ئەمریکا بووەتە هۆی کوژرانی 150 کەس، لەنێویاندا ژمارەیەک فەرماندە و راوێژکاری سەربازی هەن.
 
حووسییەکان تاوەکو ئێستا بە فەرمی کوژرانی عەبدولخالق بەدرەدینیان پشتڕاست نەکردووەتەوە. 
 
پلاتفۆرمی دیفێنس لاین کە تایبەتە بە چاودێری سەربازی رایگەیاندووە، لە هێرشەکە ژمارەیەک بەرپرسی لۆجستیکی حووسییەکان کوژران کە پەیوەندییان بە بەرنامەکانی مووشەک و درۆنەوە هەبووە.
 
جگە لە عەبدولخالق بەدرەدین، هەریەکە لە لیوا محەممەد عەبدولکەریم، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی حووسییەکان، لیوا ئەمیر مەرانی، پارێزگاری پێشووی شاری جۆف، لیوا جەرفان، بەرپرسی هێزە پاسەوانەکانی عەبدولمەلیک حووسی و مەنسوور سەعدی، بەرپرسی فەرماندەی هێزی دەریایی حووسییەکان کوژراون. 
 
بەگوێرەی میدیای حووسییەکان، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ئەمریکا لانیکەم 17 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر هەردوو شارەکانی سەنعا و عەمران.
 
لە بەرامبەریشدا حووسییەکان رایانگەیاند، کەشتییەکی سەربازی ئەمریکایان لە دەریای سوور کردووەتەوە ئامانج و بە درۆنیش چەند پێگەیەکی سەربازییان لەنێو ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
 
حووسییەکان لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023ـوە دەستیان بە هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی سەر بە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی کردووە، بە گوتەی خۆیان هێرشەکانیان پشتیوانییە لە خەڵکی غەززە.
 
لەو کاتەوە، زیاتر لە 100 کەشتیی بازرگانییان بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج، دوو کەشتییان نوقم کردووە و چوار دەریاوانیان کوشتووە.
 
هێرشی ئەمریکا بۆسەر حووسییەکان لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ سەرەتای هەفتەی رابردوو دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا هێزی ئاسمانیی ئەمریکا دەیان پێگەی بۆردوومان کردوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە