ئەو مێرمنداڵە موسڵمانە خەڵات دەکرێت، کە زیاتر لە 100 کەسی لەهێرشەکەی مۆسکۆدا رزگار کرد

رووداو دیجیتاڵ 

ئیسلام خەلیلۆڤ، لەلایەن رێکخراوێکی مافەکانی منداڵان خەڵات دەکرێت لەبەرامبەر "ئازایەتی و چاونەترسی"یەکەی لەکاتی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی شاری مۆسکۆ. 
 
رۆژی چوارشەممە، رێکخراوێکی رووسی، مێرمنداڵێکی موسڵمان بەناوی ئیسلام خەلیلۆڤ، تەمەن 15 ساڵ خەڵات کرد، کە لە کاتی هێرشەکەی رۆژی هەیینی رابردووی هۆڵی کۆنسێرتەکەی پایتەختی رووسیا، زیاتر لە 100 کەسی لە مردن رزگار کردووە. 
 
خەلیلۆڤ لەکاتی ‌هێرشەکەدا، لە هۆڵەکەدا کاری کردووە و دواتر چەند ڤیدیۆیەکی خەلیلۆڤ لەکاتی هێرشەکەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە رێنوێنی خەڵک دەکات کە لە ترسان هەڵدێن و ئەویش بێ ئەوەی خۆی تێکبدات داوا لە خەڵکەکە دەکات بەدوای ئەو بکەون و رێی دەرچوونیان لە هۆڵەکە بۆ دەدۆزێتەوە.
 
لە ڤیدیۆکەدا، دەبینرێت خەلیلۆڤ هاوار دەکات و داوا لە خەڵکەکە دەکات دوای ئەو بکەون و چەند دەروازەیەکی دەرچوون دەزانێت کە دەتوانێت لە مردن رزگاریان بکات.
 
هەر لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە خەلیلۆڤ زۆر پەرۆشە بەوەی دڵنیا بێت کەس بەجێنا‌هێڵێت و گیانیان پارێزراوە. 
 
خەڵاتەکە لەو قوتابخانەیە بە خەلیلۆڤ درا، کە لێی دەخوێنێت. لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، خەلیلۆڤ گوتی، "باوکم هەمیشە پێی دەگوتم هەر دەرفەتێکی هاوکاریکردنت هەبوو، هەوڵبدە هاوکاری خەڵک بکەیت".
 
هەروەها ئەو مێرمنداڵە دەڵێت، لەرۆژی هێرشەکەوە، خەڵکێکی زۆر لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامیان بۆ ناردووە و ستایشی هەوڵەکانیان کردووە. 
 
لەئاکامی هێرشەکەی سەر هۆڵێکی کۆنسێرت لە باکووری شاری مۆسکۆ، 139 کەس کوژراون و 180ی دیکەش بریندار بوون. 
بە گوێرەی میدیاکانی رووسیا، تائێستا 11 کەس بە گومانی پەیوەندییان بە هێرشەکەوە دەستگیرکراون لە نێویان چوار لەو چەکدارانەی هێرشەکەیان کردبوو، کە لەناوچەیەکی سنووریی لەگەڵ ئۆکراینا دەستگیر کرابوون. 
 
چەند کاژێرێک لەدوای هێرشەکە، داعشی خوراسان بەرپرسیاریێتی هێرشەکەی گرتەئەستۆ، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی رووسی رایانگەیاندووە، ئۆکراینییەکانیش دەستیان لەو هێرشەدا هەبوو، بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینا، ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە.