ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین بۆردوومان و مووشەکبارانی یەکدی دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لە وەڵامی چەند هێرشێکی مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین بۆ ئیسرائیل، ئەو وڵاتە هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر کەرتی غەززە. ئەوەش دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل لە کامپی جنینی کەرتی رۆژئاوا 9 فەلەستینیی کوشت.
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 27ـی کانوونی دووەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بۆردوومانی کەرتی غەززە دەکەن." چەند سەرچاوەیەکیش لە کەرتی غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند 15 جار بۆردوومانی پێگە سەربازییەکان کراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. 
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکان لە وەڵامی چەند هێرشێکی مووشەکیدا هاتوون کە بە گوتەی خۆیان کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان دوو مووشەکیان بەرکەوتوون. دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، سێ مووشەکی دیکە ئاراستەی پێگەکانی ئیسرائیل کراون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "زۆربەی" مووشەکەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە خراونەتە خوارەوە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی هێرشە مووشەکییەکانی سەر ئیسرائیلی لە ئەستۆنەگرتووە، بەڵام پێشتر بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی هێرشی سوپای ئیسرائیلیان بۆ سەر کامپی جنین دابوو کە رۆژی پێنجشەممە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 9 فەلەستینی. ئیسرائیل ئەو هێرشەی بە ئۆپەراسیۆنی "دژە تیرۆر" ناوبرد. 
 
وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین هێزەکانی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکردووە کە بە مەبەست گازی فرمێسکڕێژیان لە نەخۆشخانەیەکی منداڵاندا بەکارهێناوە و منداڵەکانیان تووشی هەناسە تووندی کردووە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش تۆمەتەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، رەنگە گازەکە لە پەنجەرەکانەوە چووبێتە ژوورەوە.
 
هێرشی رۆژی پێنجشەممەی ئیسرائیل بۆسەر کامپی جنین بە خوێناویترین رۆژ بۆ کەرتی رۆژئاوا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دادەنرێت. لە کامپەکەدا کە پەنابەرانی تێدان، دەنگی تەقەیەکی زۆر لە شەقامەکانیدا بیسترا و دووکەڵ لە بەربەستە سووتێنراوەکانی سەر شەقامەکان بەرزبووەوە.

 

وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین گوتی، نۆ کەس "شەهیدبوون" کە یەکێکیان ژنە، هەروەها 20ی دیکەش برینداربوون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە کاتی "ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دژی تیرۆر بۆ دەستگیرکردنی تیمێکی رێکخراوی جیهادی ئیسلامیی تیرۆرست" تەقە لە هێزەکانیان کراوە و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە.
 
لەو کاتەوەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2005 دەستی بە تۆمارکردنی داتاکان کردووە، ئاماری کوژراوانی هیچ ئۆپەراسیۆنێک هێندەی ئەمجارەی سەر کامپی جنین زۆر نەبووە.