ئەمریکا بۆ سێیەم جار لەم مانگەدا فڕۆکەی B-52 دەنێرێتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

27-01-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا شەشەم فڕۆکەی B-52ی ناردە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت "بۆ رێگریکردنە لە هەر هەڕەشەیەکی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یاخود هاوپەیمانانی".

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، شەشەمین فڕۆکەی B-52 نزیکەی 36 کاژێر بە یاوەریی فڕۆکەی جەنگیی هاوپەیمانان، لەنێویاندا ئوردن، بە ئاسمانی کەنداودا سووڕاوەتەوە، ئەمریکا لە پاییزی رابردووەوە فڕۆکە دوای فڕۆکە دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێت، فڕۆکەی B-52 ستراتفۆرترێس کە بۆمبهاوێژێکی دوورمەودایە، لە بنکەی سەربازیی بارکسدەیڵ لە لیوزیانا فڕیوە و پلان وایە لە سووڕانەوەی بەسەر ئاسمانی ئوردن، سعودییە و ناوچە کەناراوەکانی نزیک ئیمارات و قەتەر بەردەوام بێت، دوایش بگەڕێتەوە ئەمریکا.

ئەمریکا لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی لە یادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هێزەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکخستەوە، هۆشداریشی دا هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە وەڵامدانەوەی خێرای دەبێت.

ئەمریکا سەرجەم هێرشە مووشەکییەکانی سەر ناوچەی سەوزی بەغدای خستووەتە ئەستۆی ئێران، لەنێویاندا هێرشەکەی مانگی رابردوو کە زیانێکی بچووکی بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق گەیاند.

ئەمریکا هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکانی یەمەنیشی بۆ سەر خاکی سعودیە سەرکۆنە کردووە، بەهۆی ئەم هەڕەشانەوە ئەمریکا فەرماندە و هێزەکانی خستووەتە ئامادەباشییەوە.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ترسیان هەیە ئێران ماوەی راگوزەری ئیدارە نوێیەکەی بایدن بقۆزنەوە و لە عێراق پەلاماری سەربازانی ئەمریکی بدەن، ترسی دووەمیان ئەوەیە هاوپەیمانانی ئەمریکا بکەنە ئامانج.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە باسیان لەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا ئێران بە راستەوخۆ هیچ بەرژەوەندییەکی ئەمریکای نەکردووەتە ئامانج و ئەو هەڕەشەیەی باسیان دەکرد نەبووەتە راستی، بەڵام دەڵێن ئەمریکا دەیەوێت لە هەر بارودۆخێکدا وریابێت.

رۆژی شەممە بۆ یەکەمجار دوای حەوت مانگ، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک ریازی پایتەختی سعودییە کرایە ئامانج، هاوپەیمانیی عەرەبی کە سعودیە سەرپەرشتیی دەکات رایگەیاندووە، چەندین هێرشیان پووچەڵ کردوونەتەوە، دوو بەرپرسی ئاگادار لەو هێرشانەش دەڵێن، دوو باڵەخانەی شاهانەی سعودی زیانی بچووکیان بەرکەوتووە.

سعودیە و ئەمریکا، حوسییەکانیان بەو هێرشە تۆمەتبارکرد، گرووپێکی چەکداری بەناوی "کەتیبەکانی پەیمانی راستی" کە پێشتر زانرابوو بنکەکەیان لە عێراقە، لە تەلەگرام رایانگەیاند کە کۆشکی یەمامەیان لە ریاز کردووەتە ئامانج.

میدیای ئەمریکی دەڵێت، هێرشەکەی سەر سعودیە نیشانەی ئەوەیە کە سەرەڕای کەمپەینی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تاران پاڵپشتییەکانی بۆ گرووپە میلیشیاکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمنەکردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە