ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر پایتەختی یەمەن؛ کوژراو و بریندار هەن

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیسرائیل بە فڕۆکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و چەند پێگەیەکی یەمەنی کردە ئامانج و گوتی: "دەستی تیرۆر دەبڕینەوە." ئێران دەڵێت: "پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتییە" و حووسییەکانیش دەڵێن، سێ کەس کوژراون.
 
رۆژی پێنجشەممە 26-12-2024 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری، هێرشیان کردە سەر چەند ئامانجێکی چەکداریی سەر بە رژێمی تیرۆریستیی حووسییەکان [لە یەمەن]."
 
حووسییەکان رایانگەیاند، لە هێرشەکان سێ کەس کوژراون و 11ـی دیکەش بریندارن. سێ کەسی دیکەش لە بەندەری رەئس عیسا بێسەروشوێنن.
 
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند: "ئامانجەکان ژێرخانی چەکداری لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی و چەند وێستگەیەکی کارەبا لە سەنعا و حودەیدە و چەند دامەزراوەیەکی دیکە لە بەندەرەکانی سالیف و رەئس کەناتیب بوون."
 
محەممەد عەبدولسەلام، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند: "هێرشە ئاسمانییەکان تاوانی رژێمی زایۆنی بوون لە دژی هەموو خەڵکی یەمەن." ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ 25ـی مانگ حووسییەکان بە مووشەکێکی بالیستی و دوو درۆن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل. هەروەها رۆژی شەممە 21-12-2024 بە مووشەک هێرشیان کردە سەر شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل و 16 کەسیان بریندارکرد.
 
شایەتحاڵێکی بۆردوومانەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "زیاتر لە شەش جار هێرشی ئاسمانی کرایە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و بنکەی ئاسمانیی دەیلەمی کە دەکەوێتە تەنیشت فڕۆکەخانەکە."
 
میدیای فەرمیی حووسییەکان بڵاویکردەوە، زنجیرە هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر وێستگەی کارەبای حودەیدە [لە رۆژئاوای یەمەن].
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەو ئامانجە چەکدارییانە لەلایەن تیرۆریستە حووسییەکانەوە بۆ بە قاچاخبردنی چەکی ئێرانی بۆ ناوچەکە بەکاردەهاتن. رژێمی تیرۆریستیی حووسییەکان بەشێکی سەرەکیی میحوەری تیرۆری ئێرانین."
 
'بەردەوام دەبین لە بڕینەوەی دەستی تیرۆر'
 
دوای هێرشەکان، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "بەردەوام دەبین لە بڕینەوەی دەستی تیرۆری میحوەری خراپەکاریی ئێران، تاوەکو کۆتایی."
 
تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئێمە نموونە و بەڵگەیەکی ئاشکرامان بینی کە توانای چیمان هەیە، توانای لەوە زیاتریشمان هەیە."
 
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "هەموو سەرکردە حووسییەکان راو دەکەین، کەس ناتوانێت لە قۆڵە درێژەکانی ئیسرائیل رزگاری بێت."
 
گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دوای هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان هات بۆ سەر ئیسرائیل لە 07-10-2023ـوە، لەوانەش هێرشی مووشەک و درۆن لە هەفتەی پێشوو."
 
سار نووسی: "حووسییەکان گرووپێکی بە وەکالەتی سەر بە ئێرانن. ئێمە قبووڵ ناکەین سوپایەکی تیرۆریست لە دووریی 2000 کیلۆمەترەوە دووژمنکاری بکات. ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی، هەموو هەنگاوێکی سەربازی و دیپلۆماسی دەگرێتەبەر."
 
'پێشێلکاریی هەموو یاسا و بنەمایەکی نێودەوڵەتی'
 
دوای هێرشەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە: "ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەی زایۆنییەکانی بۆ سەر یەمەن کرد، کە بە پشتیوانیی ئەمریکا و بەریتانیا بووە. هێرشەکان پێشێلکاریی هەموو یاسا و بنەمایەکی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بوون."
 
وەزارەتە ئێرانییەکە گوتیشی: "بەقایی رەخنەی لە دەستەوەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بێ یاساییەی رژ‌ێمی زایۆنی گرت، چونکە ئەمە لە دژی بەرپرسیارێتی و پابەندییەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
 
ئیسماعیل بەقایی هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیلی بە "سیاسەتی پیسی رژێمی داگیرکەر بۆ لاوازکردنی وڵاتە ئیسلامییەکان" وەسفکرد و گوتی: "داوا لە رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و دامەزراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەکەم بە زووترین کات هەنگاو بنێن."
 
سەرۆکی تەندروستیی جیهانی لە فڕۆکەخانەکە بوو
 
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبریسیۆس، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لەکاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا لەوێ بووە و رایگەیاند: "یەکێک لە کارمەندانی فڕۆکەکەمان برینداربوو، دەگوترێت لانیکەم دوو کەس لە فڕۆکەخانەکە کوژراون. هێرشەکان بە رەزامەندیی سوپاسالار، وەزیری بەرگری و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە."
 
گێبریسیۆس راشیگەیاند، چەند ستافێکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ بوون و سەلامەتن، "بەڵام دەرچوونیان لە سەنعا دواخراوە."
 
سەرۆکی WHO بۆ گفتوگۆی ئازادکردنی چەند ستافێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی و مرۆیی وڵاتەکە لە یەمەن بوو.
 
'دووژمنکارییەک لە دژی براکانمان لە یەمەن'
 
بزووتنەوەی حەماس کە ساڵێک و دوو مانگە لەگەڵ ئیسرائیل لە غەززە لە جەنگدایە، لەدوای هێرشەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: "حەماس سەرکۆنەی ئەو دووژمنکارییە تیرۆریستییە دڕندانەی زایۆنی دەکات، کە لە دژی براکانمان لە یەمەن کردی."
 
حووسییەکان کێن؟
 
حووسییەکان بزووتنەوەیەکی ئایینی، سیاسی و چەکدارییە کە لە 90ـەکان لە یەمەن دامەزرا. ئەوان خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرخۆدانـی ئێران لە دژی ئەمریکا، ئیسرائیل و رۆژئاوا" دەبینن. لە سەرەتاکانی 2000، حووسییەکان چەند جارێک لە دژی حکومەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی ئەوکاتی یەمەن کەوتنە شەڕەوە.
 
لە ساڵی 2011 و لە ماوەی بەهاری عەرەبی، سەرۆکی یەمەن دەسەڵاتی رادەستی عەبدرەبە مەنسوور هادی، جێگرەکەی کرد. حووسییەکان سەرەتا توانییان کۆنتڕۆڵی پارێزگەی سەعدە لە باکووری یەمەن بکەن و دواتر شاری سەنعای پایتەختیان گرت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە