لە غەززە سێ منداڵ لە سەرما رەقبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەی ناسری شاری خان یونس لە کەرتی غەززە، پزیشکێک توێکاری بۆ تەرمی منداڵێکی تەمەن 21 رۆژ کرد، کە لە سەرما رەقبووەتەوە.
ئەحمەد فەرا، بەڕێوبەری بەشی منداڵان لە نەخۆشخانەکە گوتی کۆرپەکە "تەندروستیی باش بوو و بە سرووشتی لەدایک بوو، بەڵام سەرمای زۆر بووە هۆی کەمبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی، ئەمەش ئەندامەکانی لەکارخست و مرد."
لە چوارشەممەوە لە خان یونس سێ منداڵ لە سەرما رەقبوونەتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە تێکڕای پلەی گەرما لەو کەرتە لەم هەفتەیەدا 13ـی سیلیزی بووە.
بەشێکی کەسوکاری منداڵەکان دەڵێن، سەرمای زۆر بووەتە هۆی لەکارکەوتنی دڵی کۆرپەکانیان.
مەحموود فەسیح، باوکی منداڵێکی مردوو گوتی "دۆخمان لەنێو خێوەتەکان زۆر خراپە. لەسەر زەوی دەخەوین و نوێنی پێویستمان نییە. تەنیا خوا بە حاڵمان ئاگادارە."
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ـەوە 14 هەزار و 500 منداڵ بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، واتا لە هەر کاژێرێکدا منداڵێک.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرووی 90٪ـی دانیشتووانی کەرتەکە، پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.