وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە حەوت بەرەی جیاوازەوە لە ناوچەکە هێرشمان دەکرێتە سەر


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی هەندێک زانیاریی نەبیستراوی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی لە وەڵامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەریان، بەرپەرچدانەوەیان هەبووە لە عێراق، ئێران و یەمەن. ئەمەش لەکاتێکدایە ترس هەیە ئاگری جەنگە 81 رۆژییەکەی غەززە فراوان بێت و بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاوببێتەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 26ی کانوونی یەکەمی 2023، یوئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەبارەی دوایین زانیاری و دۆخی سەربازەکانیان لەنێو کەرتی غەززە، چووە بەردەم ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل ناسراو بە کنێست و لەوێ ئاماژەی بەوە کرد "وڵاتەکەیان لە حەوت بەرەی جیاوازەوە لە سەرانسەری ناوچەکە هێرشیان دەکرێتە سەر."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند "ئێستا ئێمە لە چەندین بەرەی جیاوازەوە هێرش دەکرێتەسەرمان و لە حەوت ئاراستەی جیاوازەوەیە، ئەویش؛ غەززە، لوبنان، سووریا، کەرتی رۆژئاوا، عێراق، یەمەن و ئێران. ئێمە لەمێژە وەڵامی ئەو هێرشانەمان لە شەش شوێنیان داوەتەوە". 
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە، لەداوی هێرشەکانی باڵی سەربازیی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، ئەوان وەڵامی ئەو هێرشانەشیان داوەتەوە کە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە لوبنان و سووریا و کەناری رۆژئاواوە کراوەتە سەر خاکی ئیسرائیل. 
 
هەروەها ئیسرائیل بە فەرمی ئەو هێرشانەی لە دژی گرووپە چەکدارەکان لە لوبنان، سووریا و کەرتی رۆژئاوا راگەیاندووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە هێرشی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لە وڵاتانی عێراق، یەمەن یاخود نێوخۆی ئێران نەداوە. 
 
هەفتەی رابردوو، گرووپەکانی نزیک لە ئێران رایانگەیاند، بە درۆن شاری ئیلاتی باشووری ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. حوسییەکانی یەمەن، چەندین جار لەڕێگەی درۆن و مووشەکەوە کەشتییە بارزگانییەکانی دەریای سووریان کردووەتە ئامانج. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت "دەمەوێت بەڕاشکاوانە بڵێم؛ هەر کەسێک لەدژی ئێمە بجووڵێتەوە، دەکرێتە ئامانج، هیچ کەس بەدوورنابێت".  
 
سەبارەت بە جەنگی غەززە، گالانت گوتی، "جەنگێکی درێژخایەن دەبێت. بێ گەیشتن بە ئامانجەکانمان، ئەوا لە دۆخێکدا خۆمان دەدۆزینەوە، کە گەلەکەمان نایانەوێت لە شوێنێک بژین کە ئێمە نەتوانین بیانپارێزین. لە کۆتاییدا بەسەر حەماسدا سەردەکەوین". 
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، سوپای ئەمریکای هاوپەیمانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە تۆڵەی برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی کردە سەر سێ بنکە و بارەگاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا و ژمارەیەک چەکداریان لەو هێرشانەدا کوشتووە.