ئێران: تۆڵەی کوژرانی رەزی مووسەوی لە ئیسرائیل دەکەینەوە

26-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کاردانەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر کوشتنی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا بەردەوامە. وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە هەڕەشەی "تۆڵەسەندنەوەیەکی سەخت" لە ئیسرائیل دەکەن و دەڵێن، "هێرشەکەی ئیسرائیل لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەدرێتەوە."
 
ئەمرۆ سێشەممە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەپامێکدا لەسەر تۆری کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "با تێلئەڤیڤ چاوەڕێی تۆڵەسەندنەوەیەکی تووند بێت."
 
حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان گوتی، سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران "چەندین ساڵ لەگەڵ قاسم سولەیمانی لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی ئێران و ناوچەکە لە دژی تیرۆریستەکان ئازایانە شەڕی کرد."
 
عەلی بەهادوری جەهرومی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا کوشتنی فەرماندەکەی سوپای پاسداران لە سووریا وەک "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوزەند کرد و رایگەیاند، "کردەوەی تیرۆریستی و تاوانکارانەی رژێمی زایۆنی لە شەهیدکردنی سەید رەزی مووسەوی بە دڵنیاییەوە لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام دەدرێتەوە."
 
رەزا تەلایی نیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێرانیش لە کاردانەوەید لە بەرامبەر کوشتنی فەرماندەکەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا رایگەیاند، "ئەم تاوانە و بۆردوومانی سووریا پێشاندەری تایبەتمەندیی تیرۆریستیبوونی رژێمی زایۆنی و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی سووریایە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران هەروەها گوتی، "وەڵامێکی زیرەکانە و بەهێزی تیرۆرکردنی سەید رەزی مووسەوی دەدەینەوە."
 
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل کرد و گوتی، "بێگومان رژێمی زایۆنی باجێکی قورسی ئەم تاوانە بدەن."
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەم، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرانی سەید رەزی مووسەوی، فەرماندەی باڵای فەیلەقی قودسی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ناوچەی زەینەبییەی دیمەشق لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج. 
 
سەید رەزی مووسەوی، ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ بوو بەرپرسی لۆجیستیی هێزەکانی ئێران بوو لە سووریا و لوبنان.
 
تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران نەداوە، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام ئاماژەیان بەوە کردووە، کە رێگە بە ئێران نادەن بوونی هێزەکانی لە سووریا فراوانتر بکات.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێرانیش دوێنێ شەو راگەیێندراوێکی لەسەر کوژرانی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران لە سووریا بڵاوکردەوە و گوتی، "بێگومان ئەو کارە نیشانەیەکی دیکەی بێزراویی و بێدەسەڵاتیی رژێمی زایۆنییە [ئیسرائیل] لە ناوچەکە".  گوتیشی، "بەدڵنییایەوە دەبێت ئیسرائیل باجی ئەو تاوانەی بدات."
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، "رەزا مووسەوی یەکێک بوو لە راوێژکارە بە ئەزموونەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران. ماوەیەکی زۆرە وەکو راوێژکاری سەربازی لە سووریا کار دەکات، بەڵام بەهۆی هێرشی رژێمی زایۆنی بۆ ناوچەی زەینەبیە لە دیمەشق کوژراوە."
 
بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران، "مووسەوی لە نەوەتەکانەوە بەرپرسی پشتیوانی و لۆجستی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووە لە سووریا و لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو بەرپرسی گەیاندنی چەک و لۆجستیی سەربازی بووە" بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی ئێران لە سووریا و لوبنان.
 
جەعفەر ئەسەدی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی دیکەی فەیلەقی قودس لە سووریا بە میدیای فەرمی سوپای پاسدارانی راگەیاندووە، "ئیسرائیل لە رێگەی سیخوڕەکانییەوە توانی شوێنی سەید رەزی مووسەوی دەستنیشان بکات و لە رێگەی سێ مووشەکەوە بە ئامانجی بگرێت."
 
جەعفەر ئەسەدی گوتی، "ئیسرائیل دەیەوێت شەڕەکە فراوانتر بکات و بە دوای ئەوەیە بە هەر جۆرێک بێت بەو تاوانە ئێران کاردانەوەیەک پێشان بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە هاوکاریی هەندێک وڵاتی دیکە، شەڕەکە لە نێوخاکی بباتە دەرەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە