رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئاگر و وێرانکاریی چەند کۆگەیەکی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە. ئەو کۆگەیانە لەلایەن درۆنەکانی سوپای تورکیاوە کراونەتە ئامانج.
هێرشەکانی تورکیا بێجگە لەوەی زیانی بە ژێرخانی رۆژئاوای کوردستان گەیاندووە، زیانی گیانیشی هەبووە.
ئەحمەد حەسەن، دانیشتووی قامشلۆیە و دەڵێت، "لەماڵەوە دانیشتبووین و خەریکی دروستکردنی پەشمەک بووین. گوێمان لە هێرشەکان بوو و هەموو ماڵەکەمانی لەراندەوە".
ئەو هێرشانە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی چڕی دوو رۆژەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان دێت، لەدوای کوژرانی 12 سەربازی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان.
بەرەبەیانیی رۆژی 23ی کانوونی یەکەمی 2023، تورکیا ژمارەیەک کۆگە و کێڵگەی نەوتییەکانی رۆژئاوای کوردستانی کردە ئامانج و زیانی بە بەرهەمی کارەبای ناوچەکە گەیاند. بەهۆیەوە لەسەدا 50 بەرهەمهێنانی کارەبای رۆژئاوای کوردستانی کەمکردەوە.
عەلی محەممەد، دانیشتووی قامشلۆیە و دەڵێت، "لە دووکانەکەی خۆم بووم کاتێک گوێم لە دەنگی هێرشەکە بوو و دوای تەنیا 20 خوولەکی دیکە، دووەم هێرش کرا کە هەمان شوێنی کردە ئامانج، یەکەم هێرش دەنگی زۆر گەورە بوو، بەڵام دووەم وانەبوو".
بەگوێرەی ئامارەکان، لەساڵی 2023، تورکیا 124 جار هێرشی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش 92 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ