جۆ بایدن: کاژێر 04:00 بەیانی بە کاتی لوبنان ئاگربەست دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنی ئیسرائیل و لوبنانی بۆ راگرتنی جەنگی حیزبوڵڵا و ئیسرائیلی راگەیاند و لە گوتارێکیشدا گوتی، لە چەند رۆژی داهاتووش کار دەکەن هەمان رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە غەززە بکەن.
رۆژی سێشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گوتارێکی بەبۆنەی راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی لوبنان پێشکێش کرد و لە گوتارەکەدا، رایگەیاند "ئەو ئاگربەستە ئاسۆیەکی نوێیە بۆ لوبنان."
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئاگربەستی لوبنان لە کاژێر 4ی بەرەبەیانیی رۆژی چوارشەممە، بەکاتی لوبنان [کاژێر سێی بەرەبەیانی چوارشەممە بەکاتی هەولێر] دەستپێدەکات. ئاگربەست لە لوبنان، هەواڵێکی خۆشە بۆ هەمووان."
لەدرێژەی قسەکانیدا بایدن کە تەنیا کەمتر لە دوو مانگی لەسەرۆکایەتی ماوە، دەڵێت، "ئەم رێککەوتنە، بەشێوەیەک داڕێژراوە تاوەکو ئاگربەستێکی درێژخایەن لە ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە. جارێکی دیکە رێگە حیزبوڵڵا و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە نادرێت ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل."
بایدن ئاماژەی بەوەش کرد، پێش گوتارەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کردووە و ستایشی هەردووکیانی کردووە بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە.
هەروەها بایدن نەیشاردەوە کەوا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە نزیککردنەوەی هەردوولا تاوەکو بتوانن بگەنە ئاگربەست بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە 13 مانگییە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەنێوەڕۆکی رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد و رایگەیاند، "لەماوەی 60 رۆژی داهاتوو، ئیسرائیل بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخ لە ناوچەکانی باشووری لوبنان دەکشێتەوە، لەبەرامبەریشدا سوپای فەرمی لوبنان لە ناوچەکە جێگری دەکرێت بۆ چاودێریکردنی دۆخی ناوچەکە و هەروەها ئاگربەستەکەش."
بایدن، هۆشدارییدا کە حیزبوڵڵا هەر پێشێلکارییەک بکات، ئەوا "مافی ئیسرائیلە بەهەموو هێزێکی وەڵامی ئەو پێشێلکارییانە بداتەوە و بەرگری لە خاک و ئاسایشی هاووڵاتییانی بکات."