رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسرائیل دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ئەم ئێوارەیەدا پێشنیازی ئاگربەستی بۆ جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان پەسندکردووە. بنیامین نەتەنیاهووش دەڵێت، ئاگربەست دەرفەتیان پێدەدات سەرنجی زیاتریان لەسەر "هەڕەشەکانی ئێران" بێت.
ئەمشەو میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەو پێشنیازەی پەسندکردووە کە ئیدارەی بایدن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حکومەتی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان پێشکێشی کردووە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش کاژێر 21:00 لە گوتارێكدا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی توانای سەربازیی حیزبوڵڵا بۆ چەندین دەیە بگەڕێنێتەوە دواوە و هۆشداریشیدا لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست لەلایەن حیزبوڵڵاوە و گوتی، لە دۆخێکی لەو جۆرەدا بە تووندی وەڵامی ئەو هێزە لوبنانییە دەدرێتەوە.
نەتەنیاهوو لەبارەی جەنگی نێوان سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا قسەی کرد و رایگەیاند، "توانیمان رووخساری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕین. ئەم ئاگربەستەش بە واتای ئەوە دێت دەتوانین سەرنجمان لەسەر هەڕەشەکانی ئێران بێت."
دوای گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیارە کاژێر 10:30ی ئەمشەو (بەکاتی هەولێر)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاری ئاگربەستەکە رابگەیێنێت.
بەگوێرەی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگی لوبنان، ئاگربەستەکە بۆ دوو مانگە و پێویستە چەکدارانی حیزبوڵڵا تاوەکو باشووری رووباری لیتنی لە باشووری لوبنانەوە بکشێنەوە کە نزیکەی 20 کیلۆمەترێک لە سنوورەکانی ئیسرائیلەوە دوورە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ