رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەدایە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ جەنگی لوبنان. میدیای ئیسرائیل دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت حکومەت بە ئاگربەست رازی بێت و کاژێر 21:00 رابگەیێندرێت.
ئێستا حکومەتی ئیسرائیل بە مەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەدایە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، دوو مانگە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕ کردوونەتەوە و بەگوێرەی نەتەوە ئەکگرتووەکانیش، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە سێ هەزار و 700 لوبنانی و ئاوارە و دەربەدەربوونی نزیکەی 900 هەزار کەس.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا، زیاتر لە سێ هەزار چەکداری ئەو گرووپە چەکدارە کوژراون.
عەبدوڵڵا بوو حەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان دەڵێت، "هیوادارین ئەمشەو بگەیەنە رێککەوتن و ئاگربەست رابگەیێندرێت".
میدیای ئیسرائیلیش دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو بە ئاگربەست رازی بووە، بەڵام هێشتا بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
ژان بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی ئەگەری ئاگربەست و راگرتنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا رایگەیاند، "دەرفەتێکی باشی گەیشتن بە ئاگربەست هەیە و هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە."
ئەم ئێوارەیەش فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 20 ناوچەی جیاجیای شاری بەیرووتیان بۆردوومان کرد، لە بەرامبەریشدا حیزبوڵڵا ژمارەیەک رۆکێتی ئاراستەی کۆمەڵگە جوونشینەکانی باکووری ئیسرائیل کرد.
حەسەن فەیزوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی لوبنان و ئەندامی باڵای حیزبوڵڵا رایگەیاند، لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگن.
هەروەها جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست گوتی، "نزیکین".
بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئیسرائیل و لوبنانییەکانی کردووە بۆ راگرتنی جەنگ، ئاگربەست بۆ دوو مانگە.
لەوماوەیەدا چەکدارانی حیزبوڵڵا لە ناوچەکانی باشووری لوبنان لەسەر سنووری ئیسرائیل دەکشێنەوە تاوەکو باشووری رووباری لیتانی؛ هەروەها سوپای لوبنان لەو ناوچە سنوورییە لە دیوی وڵاتەکەی جێگیر دەکرێت.
رووباری لیتانی نزیکەی 20 کیلۆمەتر لەسنووری ئیسرائیلەوە دوورە.
خاڵێکی دیکەی پێشنیازەکە بریتییە لەوەی ئەگەر هەر پێشێلکارییەک کرا، سوپای ئیسرائیل مافی هەیە لەنێو خاکی لوبنان ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ