تیمێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر مەشق لەسەر رزگارکردن لە کاتی بوومەلەرزەدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تیمێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رزگارکردنی مرۆڤ لە رووداوە سرووشتی و سەختەکاندا، بۆ وەرگرتنی مەشق و راهێنان لە خولێکدا چوونەتە ئوردن.
خولەکە 19ـی ئەم مانگە لە ئوردن دەستیپێکرد و ئەمڕۆ کۆتا رۆژی خولەکەیە و تیمەکەی بەرگری شارستانیی هەولێر بڕوانامەی بەشداربوون لە خولەکەدا وەردەگرن.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راهێنانەکە بۆ رزگارکردنی خەڵکە لەکاتی رووداوە سەختەکاندا، وەکو رووداوی بوومەلەرزە، یان داڕووخانی باڵەخانەکان، لەوێدا تیمەکەمان فێری رزگارکردنی خەڵک لەژێر داروپەردووەکاندا دەکرێن".
لەلایەن مامۆستایانی ئوردنی و ئەڵمانییەوە لە سەنتەری راهێنانی بەرگری شارستانی ئوردن مەشق بە تیمەکەی بەرگری شارستانیی هەولێر کراوە.
ئەو تیمەی بەشداریی خولەکەی کردووە تیمی رزگارکردنن لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، پێکهاتوون لە ئەفسەرێک و 22 کارمەند.
خولەکە بە پشتیوانی ئاژانسی فیدراڵیی ئەلمانی THW کراوەتەوە و ئەوان سپۆنسەری خولەکەن بۆ بەرگری شارستانیی هەولێر.