حەماس 17 بارمتە و ئیسرائیلیش 39 فەلەستینی دیکەی ئازاد کردن

رووداو دیجیتاڵ 

چەکدارانی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندیان ئازاد کرد، لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە ئازاد کران. 
 
درەنگی شەوی شەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2023، چەکدارانی حەماس دووەم کاروانی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکانیان ئازادکرد و بەمەش لە دوو رۆژی ئاگربەستە کاتییەکەی نێوانی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە کەرتی غەززە، حەماس تائێستا 41 بارمتەیان ئازاد کردووە.
 
بەڵام لە دووەم رۆژی ئاگربەستەکەدا، کاتی ئازادکردنی کاروانی دووەمی بارمتەکان بۆ چەند کاژێرێک دواکەوت، ئەمەش لەدوای ئەوەی حەماس، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی رێککەوتنەکەی وەکو خۆی جێبەجێ نەکردووە و زیندانییە فەلەستینییەکانی ئازاد نەکردووە و هاوکارییە مرۆییەکانیشی نەگەیاندووەتە نێو کەرتی غەززە. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە. 
 
بەڵام لەدوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی قەتەر و میسر، کە سەرپەرشتی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان دەکەن، حەماس رازی بوو 14 بارمتەی دیکە ئازاد بکات. لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل 39 زیندانی فەلەستینی ئازاد کرد.  
 
هەردوولا بارمتە و زیندانییەکانیان لە رێگەی دەروازەی رەفەح رادەستی رێکخراوی خاچی سوور کرد.
 
بەگوێرەی میدیای جیهان، ژمارەیەک لەو بارمتانەی ئازادکران، ئەوانە بوون کە چەکدارانی حەماس لەکاتی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو، لە  فێستیڤاڵی میوزیکەکەدا دەستبەسەریان کردبوون. 
 
هەروەها بەرپرسانی فەلەستینی ئاشکرایان کردووە لەنێو ئەو 39 زیندانییە فەلەستینیەی ئازاد کراون، ئیسرا جەعابیس تەمەن 38 ساڵی تێدایە، کە لەساڵی 2015  دەستگیرکراو و سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بەوەی بوتڵی گازی لە خاڵێکی پشکنینی ئیسرائیلیدا تەقاندووەتەوە.
 
ئازادکردنی دووەم کاروانی بارمتەکان، لە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 24ـی تشرینی دووەم، لە یەکەم رۆژی ئاگربەستەکەدا، چەکدارانی حەماس 13 بارمتەی ئیسرائیلیان ئازاد کرد کە سەرجەمیان ئافرەت و منداڵ بوون. 
 
پاش چەند کاژێرێکی دیکەش لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، حەماس 11 بارمتەی دیکەی ئازاد کرد کە 10یان تایلاندی بوون و ئەوەی دیکەشیان فلیپینی بوو. 
 
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر هاتووەتە ئاراوە، بڕیارە چەکدارانی حەماس 50 بارمتە ئازاد بکەن، لەبەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە.
 
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
 
لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 15 هەزار فەلەستینی کوژراون.
 
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی شەممە زیاتر لە 250 بارهەڵگری پر لە هاوکاری مرۆیی گەیێندراونەتە کەرتی غەززە.