وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەوەکالەت یەکەم گەشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات

26-11-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی بەوەکالەتی ئەمریکا یەکەم گەشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات، کریستۆفەر میڵەر بەبۆنەی هەفتەی جەژنی سوپاسگوزاری، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەندین وڵات بەسەردەکاتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، میڵەر لەگەڵ بەرپرسی باڵای چەندین وڵات کۆدەبێتەوە کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکایان کردووەو لەو کۆبوونەوانەدا قسە لەسەر هەڕەشە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە چەکدارەکان دەکرێت.
 
قسەکردن لەسەر دەستڕۆیشتنی ئێران لە ناوچەکەدا یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی میڵەر لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوتاکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسیان دەکات، لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناوی ئێران ناهێنێت، بەڵام ئاماژەی بۆ دەکات کە "سەروەری و سەقامگیریی ناوچەکەی قۆستووەتەوە و خراپ بەکاری دەهێنێت".
 
سەردانی میڵەر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداوی کرد و سەبارەت بە ئێران بە رۆژنامەڤانانی گوتووە، "هەموو بژارەکان لەسەر مێزن".
 
دوو هەفتە لەمەوبەریش نیویۆرک تایمز بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک لەنێو ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ باسی لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکەی ئەتۆمیی ئێران کردووە لە نەتەنز، ئەمەش لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تیمی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.
 
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگەیاندووە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لەم چەند هەفتەی رابردوودا رێنماییان پێدراوە بۆئەوەی ئامادەکاری بکەن بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا دژی ئێران پێش ئەوەی کۆتایی بە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بێت لە 20ی کانوونی دووەمی 2021.
ماڵپەڕی ئاکسیۆس-ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی ئیسرائیل رێنمایی بە سوپا داوە لە ئامادەباشیدابن، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی زانیاریی هەواڵگرییان هەبێت بەوەی ترەمپ فەرمانی هێرشێکی لەو شێوەیە دەدات، بەڵکو لەبەرئەوەی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل پێشبینیی "ماوەیەکی زۆر هەستیاری" دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە ترەمپەوە بۆ بایدن دەکەن کە بڕیارە لە 20ی کانوونی دووەمی 2021 بکرێت.
 
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل پەیوەندیی بە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی هێزەکانی سەر بە ئێرانە بەشێوەی راستەوخۆ یاخود لەڕێگەی هێزەکانی نزیک لێی لە سووریا، غەززە و لوبنان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە